zagros news agency

خانووی لەدایکبوونی هیتلەر دەکرێتە بنکەی پۆلیس

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-7-2026، دەسەڵاتدارانی نەمسا، دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گۆڕینی ئەو خانووەی کە ئەدۆڵف هیتلەر، ڕێبەری نازییەکان تێیدا لەدایکبووە لە شارۆچکەی “براوناو ئام ئین” لە نزیک سنووری ئەڵمانیا بۆ بنکەیەکی پۆلیس، ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە قۆستنەوەی ئەم شوێنە لەلایەن نازییە نوێیەکانەوە.
بەپێی ئاژانسی “ڕۆیتەرز”، ئەم پڕۆژەیە دوای چەندین ساڵ لە مشتومڕ لەسەر باڵەخانەکە دێت، کە پێشتر خاوەندارێتییەکەی تایبەت بووە و کۆمەڵەیەکی خێرخوازیی کەمئەندامانی تێدا بووە، پێش ئەوەی حکومەتی نەمسا لە ساڵی 2017دا بە ناچاری دەستی بەسەردا بگرێت و لە ساڵی 2019دا بڕیاری دیزاینکردنەوە و گۆڕینی بۆ بارەگایەکی ئەمنی بدات.
ستیڤان مێلتسۆخ، سەرۆکی بەشی مێژوو لە وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، لە لیدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو باڵەخانەکەدا ڕایگەیاند، ئامانجی پڕۆژەکە “پچڕاندنی هەر جۆرە پەیوەندییەکی ئەم شوێنەیە بە ئەدۆڵف هیتلەرەوە و داماڵینی ئەو هێما شکۆدارییەیە کە پێوەی لکێنرابوو.”
ئاماژەی بەوەشکرد کە هیتلەر دوای لەدایکبوونی لە ساڵی 1889، تەنها چەند هەفتەیەک لەم خانووەدا ژیاوە پێش ئەوەی خێزانەکەی بگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە، هاوکات ڕوونیکردەوە کە باڵەخانەکە لە سەردەمی دەسەڵاتی نازییەکاندا گۆڕدرابوو بۆ مۆزەخانەیەکی هونەری.
تا ئێستاش بەردێکی یادگاری کە لە کەمپی دەستبەسەرکردنی “ماوتهاوزن” هێنراوە لە بەردەم باڵەخانەکەدا دانراوە کە دروشمی “چیتر فاشیزم دووبارە نەبێتەوە”ی لەسەر نووسراوە، لە کاتێکدا تابلۆیەکی نوێ کە وشەی “پۆلیس”ی لەسەرە بە ڕوکاری دەرەوەی باڵەخانەکەوە هەڵواسراوە.
یوهانس وایدمباخەر، سەرۆکی شارەوانی براوناو ڕایگەیاند، دانیشتوانی شارەکە پڕۆژەکەیان قبوڵ کردووە و دەتوانن لەگەڵیدا بژین، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕووداوانەی پەیوەستن بە سەردانییکردنی لایەنگران بۆ ئەم شوێنە، بەراورد بە ڕابردوو ئێستا بوونەتە حاڵەتی تاکەکەسی و کەم وێنە.
وڵاتی نەمسا بەپێی یاسا بەرکارەکانی، بەکارهێنانی سڵاوی نازی و سەرجەم ئەو هێما و دروشمانەی کە پەیوەستن بە ڕژێمی نازییەوە بە توندی قەدەغە دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

گوتەبێژی کۆشکی سپی: ئێران خەریکە خۆی بۆ هێرش‌کردن بۆسەر ئیسرائیل ئاماده دەکات

یاسین

ویلایەتە یەکگرتووەکان سێ بەلەمی گومانلێکراو بە قاچاخی ماددەی هۆشبەر دەکاتە ئامانج

یاسین

ڕیاڵ مەدرید چاکبوونەوەی ئەستێرەیەکی لەپێکان ڕاگەیاند

یاسین