موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-7-2026، هێرشی توندی کردە سەر غەیس تەمیمی، شرۆڤەکاری سیاسی، بەهۆی ستایشکردنی ئیسرائیلەوە، هاوکات داوای لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی عێراق کرد ڕێگری لە دەرکەوتنی لەسەر شاشەکانیان بکەن.
موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە “تەمیمی کەسێکی لادەر، گومڕا و گومڕاکەرە، کە بریکار و دارەدەستی دوژمنانی خوا، پێغەمبەر، ئەهلی بەیت و نیشتمانە. ئەو ئایینی خۆی بە دنیای فرۆشتووە لەپێناو بەدەستهێنانی ناوبانگ، پارە و ئارەزوودا، بۆیە نەدەبوو مامەڵە لەگەڵ ئەم زەندیقەدا بکرێت.”
سەدر جەختی کردەوە هۆزەکەی پیویستە خۆیان بەدەرکەن لە غەیس تەمیمی بۆ پاراستنی ناوبانگیان و دووپاتی کردەوە کە ئەو نوێنەرایەتی ئەوان ناکات.
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بەیاننامەکەی بەم ڕستەیە کۆتایی پێهێنا “ئەگەر من موجتەهید بوومایە، شتێکی دیکەم دەگوت.”
هۆزی “بەنی تەمیم” لە 9ـی تشرینی یەکەمی 2024 بڕیاری دابوو غەیس تەمیمی، شرۆڤەکاری سیاسی لە هۆزەکەیان دەربکەن، لەبەر ئەوەی بووەتە “کەسێکی زایۆنی”، داوایان لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردبوو ڕاوەدووی بنێن و چاودێری بکەن بەهۆی “خیانەتەکەی” لە نیشتمان و ئایین.
تەمیمی لەم دواییانەدا لە ڕێگەی هۆکارەکانی ڕاگەیاندنەوە دەرکەوت و بە شێوەیەکی ئاشکرا ستایشی ئیسرائیلی کرد، لە بەرامبەریشدا ڕەخنەی توندی ئاراستەی فەلەستینییەکان کردبوو.
هەواڵی پێشوو

