zagros news agency

مالیکی کاندیدکردنی “ئەلبەدری” ڕەت دەکاتەوە و ماڵی شیعە بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێن

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار، ئەمڕۆ ئاشکرای کرد کە “کارەکتەرە کاریگەرەکانی ماڵی شیعە” سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییان وەک کاندیدی سازان بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو پێشنیاز کردووە، بەڵام نوری مالیکی بەهۆی “نەبوونی قبوڵکراوییەوە” پێشنیازەکەی ڕەت کردووەتەوە.
سەرچاوەکە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: هەندێک لە هێزە کاریگەرەکانی ناو ماڵی شیعە سەردانی نوری مالیکییان کردووە و ناوی “باسم ئەلبەدری”، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پێشکەش کردووە، بەڵام مالیکی ڕەتی کردووەتەوە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە “ئەو کەسە قبوڵکراویی لای هەمووان نییە و پێویستە کاندیدێکی سازان هەڵبژێردرێت کە پشتیوانی هەموو لایەنەکانی هەبێت.”
کۆبوونەوە و پەیوەندییەکان لە ناو ماڵی شیعەدا بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی و کۆتاییهێنان بە مشتومڕەکان، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە ئەمنی و ئابوورییەکانی ناوچەکە.
هەندێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی خەریکی تاوتێکردنی چەند ناوێکن، چونکە لایەنەکان لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو ڕێک نەکەوتوون، بەتایبەت دوای هەبوونی “ڤیتۆی ئەمریکی” لەسەر نوری مالیکی کە کاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە جۆرێک لە ڕەتکردنەوە هەیە بۆ نوێکردنەوەی ویلایەتی محەمەد شیاع سوودانی، تەنانەت ئاماژەیەک لەلایەن هەندێک لە سەرکردە ئاینییەکانەوە هاتووە کە دژی نوێکردنەوەی ویلایەتەکەیین.
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوه و گەشەپێدان کە سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، ئەگەر نەتوانێت سوودانی بۆ ویلایەتی دووەم تێپەڕێنێت، ئەگەری هەیە “بەهادین ئەعرەجی”، سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانیی (ئاوەدانکردنەوه و گەشەپێدان) و جێگری پێشووی سەرۆک وەزیران، وەک بەدیل پێشنیاز بکات.
فیراس موسڵەماوی، وتەبێژی فراکسیۆنی (ئاوەدانکردنەوه و گەشەپێدان) جەختی کردەوە کە ئەوان هیچ کاندیدێکی تریان جگە لە سوودانی نییە، چونکە پێیان وایە لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا سەرکەوتوو بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق دەیان هاووڵاتی فەرەنسی بەتۆمەتی داعش گەڕاندەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات

سەڵاح

ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق و تیرۆركردنی سه‌ركرده‌‌ دیاره‌كانی میلیشیاكان ده‌كات

سەڵاح

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و سەردانی هەولێریش دەکات

یاسین