وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 18-5-2026، نیگەرانی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی سعوودیە دەکەن لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، و جەختیشی کردەوە کە عێراق هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ ڕەتدەکاتەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق زانیاری سەرەتاییان پێگەیشتووە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی سعوودیە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئاماژەی بەوەش کرد، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕوونیکردەوە کە بەرگری ئاسمانی و ئامێرەکانی تایبەت هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە تۆمار نەکردووە، داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سعوودیە کرد هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەن بۆ گەیشتن بە زانیاری ورد کە ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات بەهێز بکات.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پابەندبوونی نەگۆڕی بەغدای بە ڕێزگرتن لە ئاسایش و سەروەری وڵاتانی دراوسێ و ڕەتکردنەوەی هەر کارێک کە ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیرییان دووپاتکردەوە، و جەختیشی لەسەر پەرۆشی عێراق بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ سعوودیە کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش و ئاسایشی ناوچەکە بکات.

