zagros news agency

لێژنەی دەستپاکی پەرلەمان: کۆی پارەی دزراوی عێراق گەیشتووەتە هەشت‌ ترلیۆن دینار

تاڵیب بەیزانی، ئەندامی لێژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاند، پرۆسەی گێڕانەوەی پارەی دزراو لە ئەستۆی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیدایە و ئەم کارەش بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمان جێبەجێ دەکرێت. 

ئەو ئەندامەی لێژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، تاوەکوو ئێستا بەشێک لەو پارەیە بەفەرمی گەڕێندراوەتەوە بۆ سندووقی دەوڵەت، بەڵام بڕی هەرەزۆری هێشتا لە دەرەوەی عێراقە و ئەمەش پێویستی بە جووڵەی دیپلۆماسی و یاسایی خێرا هەیە. 

بەیزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە گێڕانەوەی ئەو پارەیە تەنیا بابەتێکی دارایی نییە، بەڵکوو ئەرکێکی ڕەوشتی و دەستپێکێکی ڕاستەقینەیە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، گەڕاندنەوەی مافی گەل و دادگاییکردنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە بە شێوەی نایاسایی دەستیان بەسەر ماڵی گشتیدا گرتووە، یان لە ئەنجامدانی گرێبەستی گوماناوی و گەندەڵیی گەورە  تێوە گلاون.

لەکۆتاییدا، تاڵیب بەیزانی، ئەندامی لێژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرەتای تەقینەوەی کێشەکە قەبارەی پارە دزراوەکە بە دوو ترلیۆن و نیو دینار دەخەمڵێندرا، بەڵام لێکۆڵینەوە قۆناغ بە قۆناغەکانی دەستەی دەستپاکی پەردەی لەسەر دزی و گەندەڵیی زۆر گەورەتر لادا، بە شێوەیەک کە کۆی پارە دزراوەكە گەیشتووەتە هەشت ترلیۆن دینار و ژمارەی ئەو تۆمەتبار و کەسایەتییە باڵایانەی ناویان لەم دۆسییەیەدا هاتووە، گەیشتووەتە ٣٠ کەس.

هەواڵی پەیوەندیدار

گەڕانەوەی خێزانە ئوسترالییەکانی داعش بۆ کەمپی ڕۆژ

سەڵاح

11 درۆنی ئێرانی لە ئەنبار کەوتوونەتە خوارەوە

سەڵاح

تەلاری قوتابخانەیەکی خوێندنی ئیسلامی بەتەواوی داڕووخا

سەڵاح