zagros news agency

حاجی ئۆمەران و تەمەرچین کۆبوونەوە؛ تاوتوێی ئاسانکاری بۆ گەشتیاران و بازرگانان دەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گەشتیاران لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ دووشەممە (8ـی حوزەیرانی 2026)، مەسعوود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کارگێڕی، پێشوازی لە شاندێکی دەروازەی گومرگی تەمەرچین کرد بە سەرۆکایەتی (ئاغای ڕەزایی)، بەڕێوەبەری پایانەی تەمەرچین.

لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری کرا و چەند پرسێکی گرنگ و هەستیار خرانە بەرباس، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

یەکەم: کەرتی بازرگانی و گواستنەوە
هەردوولا قەبارەی هاوردە و هەناردەی کاڵاکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی شۆفێرانی بارهەڵگری گەراجی حاجی ئۆمەران کردەوە، کە لە ناو دەروازەی تەمەرچیندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەریی بارودۆخی ناوچەکە لەسەر جووڵەی بازرگانی کرا.

دووەم: ئاسانکاری بۆ گەشتیاران و سنوورنشینان
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، دانانی میکانیزمێکی نوێ بوو بۆ دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو خاکی ئێران. هاوکات باس لە ڕێگەخۆشکردن بۆ دووبارە هاتنی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی ئێران بۆ ناو هەرێمی کوردستان کرا.

سێیەم: ئامادەکاری بۆ مەراسیمی چلە
بەهۆی نزیکبوونەوەی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن، هەردوولا باسیان لە ڕێکارەکانی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی کرد کە لە ڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بەرەو شارەکانی کەربەلا و نەجەف بەڕێ دەکەون، بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت.

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و ئامانج لێی بنبڕکردنی ئەو گرفتانە بووە کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم گەشەی زیاتری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەردوولادا.

هەواڵی پەیوەندیدار

تەرمی کەسێک دۆزرایەوە

دڵشاد

پرۆژەی دروستکردنی سێ کۆڵان لە گوندی مامزاوە جێبەجێ دەکرێت

یاسین

ده‌روازه‌ی شه‌قڵاوه‌ نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌

یاسین