بەهۆی توندیی ئەو تەقینەوە گەورانەی سوپای ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی تونێلەکانی حیزبوڵا ئەنجامی دان، شارۆچکەی “مەجدەل زون” لە باشووری لوبنان لە ڕووی جوگرافییەوە بوو بە دوو بەشەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی لوبنان، ئەو تەقینەوانەی ڕۆژی یەکشەممە کرانە سەر تونێلێکی ستراتیژی، زیانی مادیی زۆر گەورەیان بە شارۆچکەکانی “مەجدەل زون” و “مەنسووری” گەیاندووە کە نزیکن لە سنوورەوە. بەهۆی توندیی گوڕی تەقینەوەکەوە، بەشێکی شارۆچکەی مەجدەل زون لە ڕووی جوگرافییەوە بووەتە دوو کەرت و وێرانکارییەکی ئەوتۆ دروست بووە کە ڕێگرە لە گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ژێرخانێکی ژێرزەوینی حیزبوڵایان لە باشووری لوبنان تێکشکاندووە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشوەختە ئەمریکایان لە پرۆسەکە ئاگادار کردووەتەوە، کە تێیدا تونێلێکی ٢٠٠ مەتری بە ٨٠ تۆن ماددەی تەقەمەنی تەقێنراوەتەوە.
چاودێران پێیان وایە ئەم ئۆپەراسیۆنە دەریدەخات چۆن گوند و شارۆچکەکانی باشووری لوبنان گۆڕاون بۆ بەرەی جەنگ و کۆگای سەربازی و ڕێڕەوی تونێلەکان لەژێر ماڵی سڤیلەکاندا، ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و موڵکی هاووڵاتیان دروست کردووە و بووەتە هۆی سڕینەوەی سیمای گوندەکان بەهۆی توندیی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە.
ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان بۆ هەواڵ (NNA) بڵاویکردەوە، تەقینەوەکانی سوپای ئیسرائیل بوونەتە هۆی ڕووخانی ژمارەیەکی زۆر لە خانووبەرەی ئەو دوو شارۆچکەیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا شارۆچکەی “مەجدەل زون” بەتەواوی لە دانیشتووانەکەی چۆڵ بووە، لە کاتێکدا لە شارۆچکەی “مەنسووری” تەنیا چەند خێزانێکی کەم ماونەتەوە.

