بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تەمووزی 2026، دوو بوومەلەرزەی بەهێز ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانیان هەژاند. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ هاونیشتمانی لە کاتی هەوڵدان بۆ خۆدەربازکردن بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
دەستەی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق ئاشکرای کرد کە کاتژمێر 6:43ی بەیانی، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلە بە پێوەرەکانی ڕێختەر ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالەی هەژاندووە. چەقی بوومەلەرزەکە لە دووری 90 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری خانەقین بووە و زۆربەی هاووڵاتیانی ناوچەکە هەستیان پێکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ئێران ڕایگەیاند کە هاوكات لەگەڵ ئەو ڕووداوە، بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر بە گوڕی 5.7 پلەی ڕێختەر سنووری پارێزگای کرماشان و بە تایبەت ناوچەی “کۆزران”ی گرتووەتەوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتووانی ناوچەکەدا.
تاوەکو ئێستا هیچیتر دەربارەی زیانی گیانیی ڕاستەوخۆ یان زیانی گەورەی ماددی بەهۆی ڕووخانی بیناکانەوە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو دیوی سنوور لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێک یان پاشلەرزەیەک.

