zagros news agency

پەرلەمانی عێراق هۆشداریی لە کارەساتێکی ژینگەیی و تەندروستی دەدات

 

زەحی سدخان، نوێنەری پارێزگای میسان لە باشووری عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 21-7-2026، هۆشداریی دا لە ڕوودانی کارەساتێکی ژینگەیی و تەندروستی ناخۆش بەهۆی پیسبوونی ئاوی ڕووباری دجلە لە پارێزگاکەدا، هەروەها داوای دەستێوەردانی بەپەلەی حکوومەت و کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی کرد لە هۆکارەکانی وەستانی پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەکە.
ئەو پەرلەمانتارە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، پیسبوونی ئاوی ڕووباری دجلە لە پارێزگای میسان بووەتە هۆی کارەساتێکی ژینگەیی، و زیاتر لە 150 هەزار کەس تووشی ئاوی پیس بوون، بەتایبەتی لە قەزای مەیمونە و ناحیەی سەلام.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە لایەنە پێوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بەڵام چارەسەرەکان بنەڕەتی نەبوون، و ڕێژەی پیسبوونی ئاوەکە گەیشتووەتە 100% بەپێی ئەو نمونانەی کە لە ئاوی ماڵان وەرگیراون. سدخان ڕوونیکردەوە، ئەوەی دەڕژێتە ناو ڕووبارەکەوە ئاوی ئاوەڕۆ و پاشەڕۆکانە، دەشڵێت، دانیشتوانی ناوچەکە چەندین ساڵە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و ژمارەیەک بەرپرسیش سەردانی ناوچەکەیان کردووە بەڵام بێ چارەسەر بووە. گوتیشی: ناوچەی ڕووباری “ئەلبەتیرە” شاهیدی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشییە لەوانە گەڕی، نەخۆشییەکانی گورچیلە و هەستیاری، دۆخەکەی بە قەیرانێکی ژینگەیی و تەندروستی لە قەزای مەیمونە ناوبرد.
ناوبراو جەختی کردەوە، خەڵکی ناوچەکە چارەسەری کاتییان ناوێت بەڵکو چارەسەری بنەڕەتییان دەوێت و ئاشکرای کرد کە پڕۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوەکە هەیە بەڵام پشتگوێ خراوە و لەکار وەستاوە، تەنانەت نە کارمەندی تێدایە و نە کارەبا بۆ کارپێکردنی سیستمی پاڵاوتن و چارەسەرکردنی پاشەڕۆکانی ئاوەڕۆ بەرلەوەی بڕژێتە ناو ڕووبارەکەوە.
پەرلەمانتارەکە داوای دابینکردنی چاودێری تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی تووشبوو بە نەخۆشییەکانی پێست کرد، هەروەها داوای لە وەزارەتەکانی ژینگە، سەرچاوە ئاوییەکان، کشتوکاڵ، شانبەشانی مافەکانی مرۆڤ کرد کە بەپەلە دەستێوەردان بکەن بۆ ڕزگارکردنی دانیشتووانی ناوچەکە.
لە 6ـی تەممووزی ئەم مانگەدا، پەرلەمانی عێراق بەشێک لە کۆبوونەوەکەی بۆ تاوتوێکردنی پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکانی دجلە و فوڕات تەرخانکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ڕێکخراوێکی چاودێریی ژینگەیی هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە سستی گورچیلە بە ڕێژەی 6000%، لەگەڵ زیادبوونی تووشبوون بە شێرپەنجە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمپانیای Samsung ریکلام بۆ بەرهەمەکانی دەکات

یاسین

حکومەتی عێراق 10 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی نارد

سەڵاح

شوان عەتووف ئەزموونی خۆی لە وۆرکشۆپێکدا دەخاتەڕوو

ART