لوبنان کە ڕۆژگارێک یەکێک بوو لە دیارترین مەڵبەندەکانی چاودێریی تەندروستی لە جیهانی عەرەبیدا، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی قەیرانێکی کارەساتباری بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە بووەتەوە. تێکەڵبوونی ڕێژەی بەرزی جگەرەکێشان، داڕمانی ئابووری، و لێکەوتەکانی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، سیستەمی تەندروستیی ئەو وڵاتەی تووشی ئیفلیجی کردووە.
زیادبوونی 162%ی تووشبووان
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستیی (The Lancet) بڵاوکراوەتەوە، لەنێوان ساڵانی 1990 بۆ 2023، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە لوبنان بە ڕێژەی 162% زیادی کردووە، لە کاتێکدا گیانلەدەستدان بەو نەخۆشییە 80% بەرزبووەتەوە. ئەم ئامارانە نیشانەی خێراترین ڕێژەی گەشەی نەخۆشییەکەن لەسەر ئاستی جیهان لە وڵاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 6 ملیۆن کەسە.
ئابووری، جەنگ و کۆچی پزیشکان
لە ساڵی 2019وە، داڕمانی ئابووری توانای دارایی بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی بۆ دابینکردنی تێچووی چاودێریی تەندروستی و دەرمان دادۆشیوە، ئەمەش هاوکاتبووە لەگەڵ کۆچکردنی بەکۆمەڵی پزیشک و پەرستاران و بەرزبوونەوەی بەرچاو لە نرخی دەرمانە تایبەتەکاندا.
هاوکات، هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و دەوروبەری بەیروت، ئازارەکانی نەخۆشانی شێرپەنجەی جۆرێکتر قورس کردووە؛ بەهۆی ئاوارەبوون و بەجێهێشتنی ماڵەکانیان، زۆرێک لە نەخۆشەکان ژەمە چارەسەرە کیمیاییەکان و سەردانە پزیشکییە پێویستەکانیان لەدەستداوە.
.
ئامارەکانی نەخۆشییەکە
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی جیهانیی شێرپەنجە، لە ساڵی 2022دا لە لوبنان 13 هەزار و 34 حاڵەتی نوێی تووشبوون و 7 هەزار و 307 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون. شێرپەنجەکانی مەمک، سییەکان، پرۆستات، کۆڵۆن و میزڵدان لە سەرووی لیستەکەدا دەبینرێن.
دکتۆر ڕکان ناسرەدین، وەزیری تەندروستیی گشتیی لوبنان، لە میانی بەشداریی لە کۆنفرانسی “ئاسکۆ 2026” (ASCO) ڕایگەیاند 15%ی ئەو نەخۆشخانانەی خزمەتگوزاریی چارەسەری شێرپەنجەیان پێشکەش دەکرد، لە خزمەتگوزاری دەرچوون. هەروەها 25%ی ئەو دەرمانخانانەی بەشداربوون لە بەرنامەی “ئەمان”، بەتایبەت لە دابینکردنی چارەسەری کیمیایی، کارەکانیان ڕاگرتووە.
وەزیر ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە 1,283 نەخۆش کە لەژێر چارەسەردا بوون ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن، لە کاتێکدا لەژێر ترسی بەردەوامی پچڕانی چارەسەری ڕزگارکەردا دەژین.
زیادبوونی پیسبوونی هەوا و ڕێژەی جگەرەکێشان
قەیرانی بەردەوامی کارەبا و پشتبەستنی زۆری هاووڵاتییان بە مووەلیدەی دیزل، ئاستی پیسبوونی هەوای لە ناوچە ئاوەدانەکاندا بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی سێیەکی دانیشتووانی لوبنان جگەرەکێشن. دکتۆر علی مقداد، توێژەری ئامادەکاری توێژینەوەکەی (The Lancet) جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەکارهێنانی تووتن هۆکارێکی بنەڕەتییە لە پشتی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون.
هەڵمەتی دەستنیشانکردنی پێشوەختە
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی سییەکان، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بە هاوکاری کۆمپانیای “ئاسترازینیکا” (AstraZeneca) هەڵمەتێکی نیشتمانیی لەژێر دروشمی: “واز لە جگەرەکێشان بهێنە، سەلامەتی هەڵبژێرە، پیش وادەی خۆی بەدیاری بکه” ڕاگەیاند. ئامانجی هەڵمەتەکە بەرزکردنەوەی هۆشیاری و هاندانی هاووڵاتییانە بۆ پشکنینی پێشوەختە، تا چانس و دەرفەتی چاکبوونەوە بەرزتر ببێتەوە.
قەیرانی شێرپەنجە لە لوبنان لە سنوری کێشەیەکی تەندروستی دەرچووە؛ تێکەڵبوونی جەنگ، ئاوارەیی، داڕمانی ئابووری و وێرانبوونی ژێرخانی پزیشکی، ڕێگەی چارەسەری نەخۆشەکانی کردووەتە ململانێیەکی سەخت بۆ مانەوە لە ژیاندا.

