لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەری دەخات ڕێجیمی “کیتۆجینیک” کە لەسەر بنەمای چەوریی زۆر و کاربۆهیدراتی کەم دانراوە، ڕەنگە پرۆسەی پیربوونی مێشک خاو بکاتەوە و لە نەخۆشییەکانی وەک ئەلزایمەر و پارکینسۆن بیپارێزێت.
کەمیی کاربۆهیدرات لەم ڕێجیمەدا، دۆخێکی هاوشێوەی برسییەتی دروست دەکات و جەستە دەخاتە حاڵەتێکی کیمیاییی تایبەت بە ناوی “کیتۆزی خۆراکی”. لەم دۆخەدا جەستە ناچار دەبێت سەرچاوەی وزەی خۆی لە گلوکۆزەوە بۆ گەردیلەگەلێک بە ناوی “کیتۆن” بگۆڕێت. ئەمەش بەو مانایەیە جەستە لە جیاتی کاربۆهیدرات، چەوری دەسووتێنێت؛ پرۆسەیەک لە هەندێک کەسدا دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش.
ئەگەرچی ئەم ڕێجیمە بۆ هەندێک نەخۆشی وەک پەرکەمی (سەرع) لە منداڵاندا وەک چارەسەر بەکار دێت، بەڵام کاریگەرییە وردەکانی لەسەر پاراستنی مێشک هێشتا بە تەواوی ڕوون نەکراونەتەوە.
لە وتارێکی زانستیی نوێدا، لێکۆڵەران ئەنجامی توێژینەوەکانی ١٥ ساڵی ڕابردوویان سەبارەت بە ڕێجیمی کیتۆجینیک تاوتوێ کردووە. ئامانجیان ئەوە بووە بزانن ئایا ئەم سیستەمە دەتوانێت مێشک لە نەخۆشییە تێکدەرەکانی وەک ئەلزایمەر، پارکینسۆن، ئێمئێس (MS) و ئەیئێڵئێس (ALS) بپارێزێت یان نا.
ئەم بەدواداچوونە نیشانی دەدات ڕێجیمی ناوبراو لە ڕێگەی باشترکردنی شێوازی بەکارهێنانی وزە لە مێشکدا، ڕێگەیەکی ئومێدبەخشە بۆ ڕێگری لەو نەخۆشییانەی بە تێپەڕبوونی کات زیان بە مێشک دەگەیێنن. لە کاتێکدا خانەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ دابینکردنی وزە پشت بە گلوکۆز دەبەستن، مێشکی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی تیاچوونی دەمار بوون، زۆربەی کات لە بەکارهێنانی کاریگەرانەی ئەم شەکرەدا تووشی گرفت دەبێت.
ڕێجیمی کیتۆجینیک جگەر ناچار دەکات کیتۆن بەرهەم بهێنێت. ئەم ماددانە وەک سەرچاوەیەکی جێگرەوەی وزە بۆ مێشک کار دەکەن و دەبنە هۆی ئەوەی ئەو کەسانەی لەژێر مەترسیی نەخۆشییە دەمارییەکان دان، سووتەمەنیی پێویست بۆ مێشکیان دەست بکەوێت.
هەندێک لێکۆڵینەوە دەریدەخەن ئەم ڕێجیمە ژمارەی ئەو بەکتریایانەی ڕیخۆڵە کەم دەکاتەوە پێوەندییان بە هەوکردنەوە هەیە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییە هاوبەشەکان لە نەخۆشییەکانی وەک ئەلزایمەر و پارکینسۆن، تێکچوونی کاری “میتۆکۆندریاکان” یان نێوەندە وزەبەخشەکانی خانەی مێشکە، کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی گەردیلە زیانبەخشەکان، هەوکردن و مردنی خانە دەمارییەکان.
لێکۆڵەران دەڵێن چارەسەرە ئێستاکانی پزیشکی بە شێوەیەکی پێویست ڕێگری لە لەدەستدانی خانە دەمارییەکان ناکەن. ڕێجیمی کیتۆجینیک ڕەنگە سیستەمی سروشتیی پاککردنەوەی خانە مردووەکان لە جەستەدا چالاک بکات و کۆبوونەوەی ئەو پرۆتینە ژەهراوییانەی دەبنە هۆی دابەزینی توانای مێشک، کەم بکاتەوە.
زانایان گوتیان ئەم ڕێجیمە دەرفەت بە نەخۆشانی ئەلزایمەر و پارکینسۆن دەدات بێ دەرکەوتنی کاریگەریی لاوەکی، ئاستی بیرەوەری، وزە و کوالێتیی ژیانیان باشتر بکەن.
ئەوان لەم وتارە نوێیەدا کە لە گۆڤاری “لێکۆڵینەوەی کردەییی تیاچوونی دەمار” (Translational Neurodegeneration) بڵاو کراوەتەوە، ڕایان گەیاندووە: “توانای ئەم ڕێجیمە بۆ کاریگەری لەسەر ڕێڕەوە بایۆلۆژییە گرنگەکان، وەک کاری میتۆکۆندریا، فشاری ئۆکسێنەر و پرۆسەکانی هەوکردنی دەمار، ڕێجیمی کیتۆجینیک دەکاتە ڕێکارێکی گرنگی نادەرمانی.”
هەروەها ئاماژەیان بەوە دا پابەندبوون بە ڕێجیمێکی کیتۆجینیکی سنووردار بۆ کەسانی بەتەمەن ڕەنگە کارێکی پڕ لە ئاستەنگ بێت. هەندێک کەسیش ئەگەری هەیە تووشی سەرئێشە، ماندوێتی، دڵتێکهەڵاتن و سەرگێژخووردن ببن.
خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS) لە جیاتی ئەم ڕێجیمە، بەرنامەیەکی ١٢ هەفتەیی بۆ دابەزاندنی کێش پێشنیار دەکات کە ڕێکارێکی گشتگیرترە بۆ خۆراک، وەرزش و خووە تەندروستەکان. هەر کەسێک بیەوێت پەیڕەویی ڕێجیمی کیتۆجینیک بکات، دەبێت ڕاوێژ لەگەڵ پزیشک یان پسپۆڕی خۆراک بکات.
لێکۆڵەران لە کۆتاییدا پێشنیاریان کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی سەلامەتی و بەکارهێنانی ئەم ڕێجیمە بۆ نەخۆشان لە ناوەندە پزیشکییەکاندا، لێکۆڵینەوەی درێژخایەنی زیاتر ئەنجام بدرێت. ئەوان نووسیویانە: “توێژینەوەکانی داهاتوو دەبێت گرنگیی زیاتر بە کەسییکردنی ڕێجیمی کیتۆجینیک بدەن؛ ئەمەش لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی وردی جینات و میتابۆلیزمەوە دەبێت تا بزانرێت کام نەخۆش زۆرترین سوود لەم ڕێجیمە وەردەگرێت.”

