وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ئاژانسی کۆری بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی (کۆیکا)، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێککەوتننامەیەکیان بە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار واژوو کرد بۆ پشتگیریکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان لە چوار پارێزگادا.
کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، لە وتەیەکدا لە کاتی مەراسیمی واژووکردنی ڕێککەوتننامەکە ڕایگەیاند: “ئەنجامدانی ئەم چوارچێوە هاوکارییە لە نێوان وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ئاژانسی کۆری (کۆیکا) ڕەنگدانەوەی پابەندییەکی ئەخلاقی و نیشتمانییە بۆ پشتگیریکردنی گەشە و سەقامگیری ئەو کۆمەڵگایانەی لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە، و بەشدارە لە دابینکردنی چارەسەری بەردەوام بۆ یەکێک لە هەستیارترین دۆسیەکان کە ئەویش گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ ناوچەکانی خۆیان.”
جەختیشی کردەوە کە “ئەم دەسپێشخەرییە ئامانجی پشتگیریکردنی زیاتر لە ١٨ هەزار کەسە لە پارێزگاکانی ئەنبار، سەلاحەدین، نەینەوا و کەرکوک، لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوەی نیشتەجێبوون و ژێرخانی کۆمەڵایەتی، و پشتگیریکردنی بژێوی ژیانی گونجاو لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، و بەهێزکردنی تواناکانی بنیاتنانی ئاشتی و خۆپاراستن لە ململانێکان، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە پشتگیریکردنی ئاوارەکان و گەڕاوەکان .”
باسی لهوهش کرد: “پشتگیریکردنی سەقامگیری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و دابینکردنی هەلی ژیانی شایستە، کۆڵەکە بنەڕەتییەکانن کە گەڕانەوەیەکی ئارام و بەردەوام و شکۆمەندانە بۆ خێزانە ئاوارەکان مسۆگەر دەکەن،” ڕوونیشیکردەوە کە “دیارترین پێکهاتەکانی پڕۆژەکانی ئەم چوارچێوە هاوکارییە بەرەو گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەن، لەگەڵ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و بەهێزکردنی تەبایی کۆمەڵایەتی.”
وتیشی: “گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان هەیە، کە لە پێشەنگیاندا هەلی کار و خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکانن،” ستایشی “ئەو هەوڵانەشی کرد کە لەلایەن هاوبەشەکانەوە دەدرێن، بەتایبەتی لایەنی کۆری و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، کە بەشداربوون لە پشتگیریکردن و سەرخستنی ئەم پڕۆژانەدا.”
نووری جەختی لەسەر “گرنگی بەدواداچوونی ورد و هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مەیدانی، و خێراکردنی هەنگاوەکانی تەواوکردن، و دڵنیابوون لە کوالێتی پڕۆژەکان و بەهێزکردنی توانای خۆڕاگرییان کردەوە، بە جۆرێک کە سوودی خوازراو بۆ چینە ئامانجکراوەکان بەدی بهێنێت.”

