حکومەتی چین ڕایگەیاند، بەهۆی هەرەسێکی گەورەی قوڕ و بەرد کە ناوچەی هیمالایای گرتووەتەوە، لە سنوورەکانی نێوان چین و نیپاڵ زیانێکی گیانی و ماددی زۆر کەوتووەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە دیوی هەرێمی تبت (چین) ٢٦١ هاووڵاتی بیانی لە ٢٣ وڵاتی جیاواز بێسەروشوێنن و ژمارەی گیانلەدەستدراوانیش لەو ناوچەیە گەیشتە ١٦ کەس.
بەرپرسانی هەرێمی تبت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایان کرد کە زۆرترین ڕێژەی بێسەروشوێنە بیانییەکان خەڵکی وڵاتی نیپاڵن (١٠٤ کەس)، هەروەها ٤٩ هیندی، ٣٣ لاتڤی، ١٨ ئەمریکی و ١٥ بەریتانی لە نێو بێسەروشوێنبووەکاندان. دەسەڵاتدارانی پەکین باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتانەیان لە وردەکارییەکان ئاگادار کردووەتەوە.
قەبارەی کارەساتەکە لە نیپاڵ
لە دیوی وڵاتی نیپاڵ، بارودۆخەکە زۆر سەختترە. دەسەڵاتدارانی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە لانی کەم ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٤٩٨ کەسی دیکەش هێشتا چارەنووسیان نادیارە، لە کاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن توانیویانە ٧٥١٤ کەس ڕزگار بکەن.
پۆلیسی ناوخۆیی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری “تریشولی” لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، دانیشتووان و تیمەکانی فریاکەوتن ڕوویان لە ناوچە بەرزەکان کردووە، چونکە مەترسیی لافاوی زیاتر لە ئارادایە و ئەمەش پرۆسەی گەڕان و ڕزگارکردنی قورستر کردووە.
کاریگەرییەکانی گەرمبوونی زەوی
تەلەفزیۆنی فەرمی چین (CCTV) بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوەی زانا چینییەکان دەریخستووە کە ئەم کارەساتە بەهۆی “ناجێگیریی چیا سەهۆڵینەکان” بووە، کە ئەوەش دەرەنجامی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی گەرمبوونی زەوییە. ئاماژە بەوەش کراوە کە هەرەسی قوڕەکە لە دیوی نیپاڵەوە دەستی پێکردووە و تەنها ٦ بۆ ٧ خولەکی خایاندووە تا گەیشتووەتە مەرزە سنوورییەکانی تبت.
هەوڵەکانی فریاکەوتن
حکومەتی چین زیاتر لە ٢١٠٠ کارمەندی فریاکەوتنی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و بڕی ٢٢٠ ملیۆن یوان (نزیکەی ٣٢.٧ ملیۆن دۆلار)ی بۆ بودجەی فریاگوزاری تەرخان کردووە. هەروەها چین هاوکاری دارایی، پێداویستی فریاکەوتن، زانیاریی مانگی دەستکرد و شارەزایانی بواری هەڵکەندنی تونێلی پێشکەشی نیپاڵ کردووە.
هەردوو وڵات لە هەماهەنگییەکی بەردەوامدان بۆ دیاریکردنی ناسنامەی قوربانییەکان و بێسەروشوێنبووان. هاوکات، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور مەزندە دەکات کە زیاتر لە ٩٠ هەزار کەس بەهۆی ئەم کارەساتەوە زیانیان بەرکەوتووە.
رۆیتهرز

