ئەمڕۆ سێشەممە، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی بەرچاوی تۆمار کرد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند ئامادەیە کۆتایی بە ململانێکانی لەگەڵ ئێران بهێنێت، تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمزیش بە داخراوی بمێنێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی بازاڕی وزە، نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 7 دۆلار دابەزی و لە 114 دۆلارەوە بۆ 107 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 3 دۆلاری لەدەست دا و نرخەکەی لە 105 دۆلارەوە گەیشتە 102 دۆلار.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر ئێران تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج. پێدەچێت گۆڕانی هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا هۆکارێکی سەرەکی بووبێت بۆ ئارامبوونەوەی بازاڕەکان و کەمبوونەوەی ترس لە پچڕانی دابینکردنی نەوت.

