zagros news agency

تەقەکەرەکەی کۆشکی سپی دەبرێتە بەردەم دادگا

ئەمڕۆ دووشەممە، کۆل تۆماس ئاڵەن، تۆمەتبارەکەی تەقەکردن لە ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن دی سی، دەبرێتە بەردەم داداگا و رووبەڕووی ئەو تاوانانە دەبێتەوە کە بە فەرمی دەخرێنە پاڵی.
تا ئێستا بەفەرمی تۆمەتەکان بەدۆسیە نەکراون، بەڵام جنین پیرۆ، دۆزگەرێکی باڵای واشنتن بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ئاڵەن بە هێرش کردن بۆ سەر پۆلیسێک و بەکارهێنانی چەک لە کاتی تاوانێکی توندوتیژدا تۆمەتبار دەکرێت.

تاد بلەنچ، وەزیری دادی بە وەکالەت، پێشتر و لە لێدوانێک بۆ میدیا، ڕایگەیاندبوو هێشتا لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەوەی چ تۆمەتێک بخرێتە پاڵ ئاڵەن بەردەوامن، بەڵام لە ئێستادا بە دوو تۆمەتی بەکارهێنانی چەک و هێرش کردنە سەر پۆلیسێک تۆمەتبارە، وتیشی “بەڵام پێدەچێت بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی بەدەستمان دەگات، تۆمەتی زۆر زیاتر ڕووبەڕووی ئەو ببێتەوە.”

چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنەکەی ڕۆژی دووشەممەی دادگا کورت بێت. لەو دانیشتنەدا، دادوەرێک ئاڵەن لەسەر مافە یاساییەکانی ئاگادار دەکاتەوە و پاشان چاوەڕوان دەکرێت دۆزگەر، یان نوێنەرانی دۆزگەری گشتی، بە پێی ئەو بەڵگانەی کە پێشکەشی دادگای ئەکەن، داوای دەستبەسەرکردنی ئاڵەن بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بکەن.

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، پۆلیس و هێزی ئاسایش ناتوانن هیچ تۆمەتبارێک بە بێ رێگەپێدانی دادگا، زیاتر لە 24 کاتژمێر لە دەستبەسەری رابگرن. هەر بۆیە، لەم دانیشتنەی دادگا، پێویستە نوێنەرانی دۆزگەری گشتی، بەو بەڵگانەی لەبەر دستیاندایە، دادوەری دۆسیەکە بەو قەناعەتە بگەیەنن کە پاراستنی بەڵگەکان و بەردەوام کردنی لێکۆڵینەوەکان پێویستیان بەوە هەیە کە تۆمەتبار لە دەستبەسەری بمێنێتەوە و، لەئەگەری ئازاد کرانی بە بارمتە، مەترسی هەڵاتنی لەسەر ئەبێت.

رۆژی یەکشەممە 26ی چوار، کۆل تۆماس ئاڵەنی 31 ساڵە، خەڵکی شاری تۆرانسی ویلایەتی کالیفۆرنیا، هێرشی کردە سەر ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن دی سی کە هیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

جۆرج کلۆنی: لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی منەوە گرنگ نین

ART

مه‌سرور بارزانی: پێشوازیی لە پروسەی یەکەم هەنگاوی چەکدانانی پەکەکە دەکەم

سەڵاح

پێشبینییەکان بۆ 98ـەمین خولی خەڵاتەکانی ئۆسکار

ART