zagros news agency

ئه‌مه‌ریكا.. سێ کەس لە ناوەندێکی ئیسلامی کوژران

 

لە ڕووداوێکی تەقەکردندا کە ناوەندی ئیسلامی لە شاری سان دییگۆی ئەمریکای کردە ئامانج، سێ کەس گیانیان لەدەستدا. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە هێرشەکە وەک “تاوانی ڕق و کینە” (Hate Crime) لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت و هێرشبەرەکانیش کە دوو مێردمنداڵ بوون، دوای ڕووداوەکە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

سەرەتای ڕووداوەکە بۆ کاتژمێر ٩:٤٢ی بەیانی دەگەڕێتەوە، کاتێک دایکێک پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات و ڕادەگەیەنێت کە کوڕەکەی و هاوڕێیەکی بە چەندین چەک و ئۆتۆمبێلەکەیەوە ماڵیان جێهێشتووە. دایکەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کوڕەکەی باری دەروونی ناجێگیر بووە و جلی سەربازییان لەبەردا بووە.

پۆلیس دەستبەجێ دەستی بە گەڕان کردووە، بەڵام کاتژمێر ١١:٤٣ی پێشنیوەڕۆ هەواڵی تەقەکردن لە ناوەندی ئیسلامی گەیشتە هێزە ئەمنییەکان. دوای چوار خولەک، پۆلیس گەیشتە شوێنەکە و تەرمی سێ کەسیان لە دەرەوەی مزگەوتەکە دۆزییەوە.

لە کاتی هێرشەکەدا، چەکدارەکان لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیانەوە تەقەیان لە کرێکارێکی باخەوانی کردووە کە چەند باڵەخانەیەک لە ناوەندەکەوە دوور بووە. سکۆت واڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی سان دییگۆ ڕایگەیاند: “فیشەکەکە بەر کڵاوە پارێزەرەکەی (کاسکێت) کرێکارەکە کەوتووە و بەو هۆیەوە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە مردن ڕزگاری بووە.”

دوای گەڕانێکی چڕ، هێزەکانی پۆلیس ئۆتۆمبێلی گومانلێکراوەکانیان لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە دۆزییەوە. پۆلیس پشتڕاستی کردەوە کە هەردوو هێرشبەرەکە کە تەمەنیان لە قۆناغی مێردمنداڵیدا بووە، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بە مردوویی دۆزراونەتەوە و بەپێی بەڵگەکان، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە فیشەکیان بە خۆیانەوە ناوە و خۆیان کوشتووە.

ئەم هێرشە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و بڕیارە لێکۆڵینەوەی وردتر لەسەر پاڵنەرەکانی ئەم تاوانە ئەنجام بدرێت کە ناوەندێکی ئایینی کردووەتە ئامانج.

 

سەرچاوە: CNN

هەواڵی پەیوەندیدار

لەم هەفتەیەدا ڕۆژێك دەبێتە پشووی فەرمی

یاسین

درۆنێک ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی لە نزیک بەنداوی تشرین بۆمباباران کرد

یاسین

چێڵسی جێگرەوەی مارێسکا دیاری دەکات

یاسین