دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕێگرییان لە فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (Air France) کرد کە بێتە ئاسمانی وڵاتەکەیەوە، ئەمەش بەهۆی هەبوونی سەرنشینێک لەسەر پشتی فڕۆکەکە کە لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتەوە هاتبوو؛ وڵاتێک کە ئێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی ئێبۆلای تێدایە. ئەم بڕیارە فڕۆکەکەی ناچارکرد نیشتنەوەی بەپەلە لە کەنەدا ئەنجام بدات.
کەناڵی (CBS)ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، فڕۆکەکە بەرەو بەڕێوەبووە، بەڵام بەهۆی ڕێکارە تەندروستی و ئەمنییەکانەوە ئاڕاستەکەی گۆڕدراوە بۆ کەنەدا.
مارک جۆنسۆن، گوتەبێژی ئاژانسی تەندروستی گشتی کەنەدا ڕایگەیاند، “سەرنشینەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (پیێر ئەلیۆت ترودۆ) لە کەنەدا دابەزێنرا و لەلایەن کارمەندانی کەرەنتینەوە پشکنینی پزیشکی بۆ لێکرا، دواتریش ڕەوانەی شاری پاریس کرایەوە.”
پێشتر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) دانی بەوەدا نابوو کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئێبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و ئۆگاندا دۆخێکی بەپەلەیە و مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دیکەش دروست دەکات.
بەپێی نوێترین ئامارەکانی دەسەڵاتدارانی کۆنگۆ، تا ئێستا 131 حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە تۆمارکراوە. ئەم شەپۆلە نوێیەی نەخۆشییەکە لە کاتێکدایە کە شەپۆلی پێشووی تای ئێبۆلا لە کۆنگۆ لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 کۆتایی هاتبوو.

