بڕیارە ڕۆژی هەینی، ١٢ی حوزەیران، یاسا توندەکانی پەنابەرێتی لە یەکێتیی ئەورووپا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم بابەتە بووەتە هۆی دروستبوونی جیاوازی لە بۆچوونی پارتەکانی ئەڵمانیا؛ پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) ئەمە بە دەرفەتێک بۆ لادانی پلەبەندی کۆنتڕۆڵی سنوورەکان دەبینێت، بەڵام وەزیری نێوخۆ دژی ئەم هەنگاوەیە.
سەباستیان فیدلەر، گوتەبێژی سیاسەتی نێوخۆی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان گوتی، بە جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکان، دەبێت کۆنتڕۆڵی سنوورە نێوخۆییەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەنگاو بە هەنگاو کۆتایی بێت. لە بەرانبەردا، ئەلیکساندەر دۆبرینت، وەزیری نێوخۆی فیدراڵ لە پارتی سۆسیال مەسیحی، داواکەی ڕەت کردەوە و گوتی، کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان لە مانگەکانی ڕابردوودا کاریگەر بووە و تا پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا باشتر نەبێت، ئەم ڕێکارانە بەردەوام دەبن.
ئێستا ٩ وڵاتی ناوچەی شینگن، لەوانە ئەڵمانیا، نەمسا و هۆڵەندا، بەردەوامن لە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانیان. بە گوێرەی چاکسازییە نوێیەکانی سیستەمی پەنابەرێتی ئەورووپا، پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکان لە سنوورە دەرەکییەکان ئەنجام دەدرێت. ئەو کەسانەی شانسی وەرگرتنیان کەمە، هەر لەوێ دەهێڵرێنەوە و لە کاتی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانیان، دەردەکرێن. حکوومەتەکان هیوادارن ئەم یاسایانە بببنە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی پەنابەران لە وڵاتەکانیاندا.

