گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەباح ئەلنەعمان، ڕایگەیاند کە دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و هیچ بژاردەیەک لە دەرەوەی یاسادا نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ئەیلوولی داهاتوودا، بڕیارێکی بنبڕە و دواخستن هەڵناگرێت.
ئەلنەعمان جەختی کردەوە کە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە یەکجاری کۆتایی دێت و پەیوەندییەکان دەبنە هاوبەشیی دووقۆڵی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی تەواوی عێراق.
گوتی: لیژنەی باڵای ناوەندی دەستی بە وەرگرتنی چەک، کەرەستە، کۆگا و سەربازگەکان لە کەرتی سامەڕادا کردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر پەیوەندییەکی سیاسی و خستنەژێرباری هێزەکان بۆ ژێر چەتری دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان، لەگەڵ پاراستنی مافە داراییەکانی شەڕکەران.
راشیگەیاند: هێزەکانی پێشمەرگەی قارەمان ڕاگرێکی دەستووری و بەشێکی دانەبڕاون لە سیستمی بەرگری و پڕۆسەی سیاسی عێراق، و پابەندبوون بە چاودێریکردنی خێزانی شەهید و بریندارەکانیان بەشێکە لە بەهێزکردنی سیستمی ئەمنی نیشتمانی.
ئاشکراشی کرد: یەکێک لە ئەولەویەتەکان کۆتاییهێنانە بە دیاردەی چەکداری لە ناو شارەکاندا و ڕادەستکردنی تەواوی مەلەفی ئەمنیی ناوخۆی شارەکانە بە وەزارەتی ناوخۆ.
نەعمان جەختی کردەوە: بڕیاری ئەمنی تەنیا لە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە، و عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی ببێتە شوێنی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، بە هەمان شێوەش قبووڵی هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیدا ناکات.

