بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی کەلار بە تێچووی نزیکەی 150 ملیار دینار گەیشتووەتە قۆناغی فەرمیی ئامادەکردنی دۆکیۆمێنتی تەندەرین. ئەم پڕۆژەیە، کە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم، ئامانجی کۆتاییهێنانە بە گرفتەکانی کەمئاوی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیاندا.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە کە پڕۆژەکە لەسەر ڕووباری سیروان و لەسەر ڕووبەری 40 دۆنم زەوی بونیاد دەنرێت. گوتیشی توانای بەرهەمهێنانی ئەم پڕۆژەیە دەگاتە 4,000 مەتر سێجا ئاوی خاوێن لە کاتژمێرێکدا، کە توانای دابینکردنی ئاوی خاوێنی دەبێت بۆ گشت ناوچەکانی دەوروبەری.
بە کۆتاییهاتنی کارەکانی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، بڕیارە زیاتر لە 400 هەزار هاووڵاتی لە ناو شاری کەلار و ناوچەکانی دەوروبەری بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئاوی خاوێن سوودمەند ببن و ئاستەنگی بێئاوی لە ڕەگەوە چارەسەر بێت.

