وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ تاوەکوو ئێستا (٧٠٪) دەرچووانی ئەمساڵ داواکارییان بۆ زانکۆلاین پێشکەش کردووە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایدەگەیەنێت: لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى دوازدەی ئامادەیى، بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆرمى (زانکۆلاین)یان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردوە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین (48) کاتژمێری دیکە واتە تا کاتژمێر (12)ی شەوی شەممە ڕێکەوتى (2026/9/26) بۆ دەرچووانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیی درێژ بکرێتەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕاشیدەگەیەنێت لەپێناو بەرژەوەندیى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى ئەمساڵ، کە بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕ بکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆرمى زانکۆلاین تەواو بکەن، هەروەها دەرچووانى قوتابخانە و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و پیشەییەکانیش بە هەمان شێوە دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو 48 کاتژمێرەدا فۆرمى زانکۆلاین پڕ بکەنەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕاشیدەگەیەنێت: ئەمە دوایین دەرفەتە و چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچووانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆرمى زانکۆلاینیان پڕنەکردووەتەوە، پێویستە لە ماوەى ئەو 48 کاتژمێرەدا پەلە بکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.

