سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە لە بەغدا کۆبوونەوە و جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 24-05-202X، لە چوارچێوەی زنجیرە کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەممار ئەلحەکیم، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کران.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پشتگیریکردنی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ کردەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان ببێتەوە.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی و عەممار حەکیم هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کێشەکان “لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کوردستان و گشت پێکهاتەکان” چارەسەر بکرێن.
ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، کە هەوڵەکان بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسە دارایی و سیاسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن.

