دوای ئەوەی هەڵبژاردەی فەرەنسا توانی بگاتە قۆناغی شازدەی مۆندیال، دیدیێ دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەکە رایگەیاند کە ئەوان بە ئاستێکی زۆر نایابەوە توانیویانە سەرکەوتن بەسەر هەڵبژاردەی سوید بەدەستبهێنن و سوپاسی یاریزانەکانی کرد بۆ ئەو ئاستەی پێشکەشیان کردووە.
دیشامپ ئاماژەی بەوەدا کە لە تایمی یەکەمدا هەلی زۆریان لەبەردەست بووە بۆ تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆر گۆڵ، بەڵام ستونی گۆڵ و ئاستبەرزی گۆڵپارێزی بەرامبەر بوونەتە رێگر و تەنها توانیویانە یەک گۆڵ تۆماربکەن.
راهێنەرەکەی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی گەورە لەوێ ئامادەن و یاریزانەکانیش بە تەواوی لەو راستییە تێگەیشتوون، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا ئاستیان نایاب بووە، بەڵام هێشتا قۆناغی ئاڵۆزتر ماوە کە دەبێت تێپەڕێندرێت.
سەبارەت بە یاری داهاتوو بەرامبەر پاراگوای، دیشامپ پێی وایە ئەو یارییە زۆر قورس دەبێت و نابێت بە کەم سەیری بکەن، چونکە هەڵبژاردەکانی ئەمریکای لاتین بەردەوام توانای ئەنجامدانی کاری گەورەیان لە یاریگادا هەیە.
لە کۆتاییدا دیشامپ ئەوەی خستەڕوو کە بڕیاریداوە دوو رۆژ مۆڵەت بە یاریزانەکان بدات بۆ پشوو وەرگرتن و چێژبینین لە کاتەکانیان، بۆ ئەوەی دواتر بە مێشکێکی ئارامەوە دەست بە ئامادەکاری بۆ یاری داهاتوو بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو ئەنجامانەی پاراگوای بەدەستیهێناوە بە رێکەوت نەبووە.

