مۆندیالی 2026 بووە بە واقیعێکی تێکەڵ لە وەرزش و ململانێی سیاسی لە بەرزترین ئاستدا. دوای ئەوەی ناوبژیوانی یاریی نێوان ئەمریکا و بۆسنە کارتی سووری بەڕووی هێرشبەری ئەمریکی فلۆریان بالۆگاندا بەرزکردەوە، کۆشکی سپی بە شێوەیەکی بێپێشینە دەستێوەردانی کرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا کە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کردووە و داوای لادانی سزاکەی کردووە، ئەمەش وایکرد فیفا کتوپڕ کارتە سوورەکە هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم پاشەکشەیەی فیفا توڕەیی توندی لە نێو کەمپی بەلجیکادا دروستکرد، و کاتێک هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناغی 16 ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە، بالۆگان بەهۆی ئەو بڕیارە سیاسییەوە لە ناو یاریگادا بوو و بەشداریی کرد، ئەمەش دۆخەکەی وەک پێشێلکردنی پرەنسیپی یاریی خاوێن و تەسلیمبوونی فیفا بە هەژموونی وڵاتی میواندار نیشاندا.
ئەم وەشانەی مۆندیال بەهۆی بیرۆکراسی و سیاسەتە توندەکانی ئەمریکاوە بووە بە ئاڵۆزترین خول لە مێژوودا. بە پێچەوانەی مۆندیالەکانی پێشوو کە کارئاسانی بۆ هاندەران و شاندەکان دەکرا، فیفا ڕایگەیاند کە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر کاروباری کۆچ و ڤیزای ئەمریکادا نییە. ئەمەش وایکردووە شاندە وەرزشییەکان تووشی ئاستەنگی گەورە ببن؛ بۆ نموونە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڤیزایان نەدا بە 15 بەرپرسی شاندی ئێران و تیمی ئێرانیان ناچار کرد کەمپەکەیان ببەنە مەکسیك، و پشکی تیکەتی هاندەرانی ئێرانیشیان هەڵوەشاندەوە. هەروەها شاندی عێراقیش ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی توند بوونەوە، بە جۆرێک ئەیمەن حسێنی هێرشبەر بۆ حەوت کاتژمێر دەستبەسەر کرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، و وێنەگری هەڵبژاردەی عێراقیش دوای 10 کاتژمێر دەستبەسەرکردن و پشکنینی مۆبایلەکەی، ڕێگەی پێندرا و دیپۆرتکرایەوە.
ئەم ڕێوشوێنە توندانە ئەستێرە گەورەکانیشی گرتەوە؛ کیڤین دی برۆینی ئەستێرەی بەلجیکی ناچار کرا لە فڕۆکەخانە پێڵاوەکانی داکەنێت بۆ پشکنینی ئەمنی، و شاندی بەڕازیلیش پشکنینی دەستیی توندیان بۆ تەواوی کەلوپەلەکانیان کێشرا. تەنانەت فابیۆ کاناڤارۆش لە کاتی راهێنارەیاتی کردنی ئۆزبەکستان کەوتە بەر پشکنینی ورد، و ستافی سەنیگالیش بەهۆی پشکنینی ئامێرەکانیانەوە کاتێکی زۆریان لێ بەفیڕۆ چوو.
گەورەترین زەرەرمەندی ئەم دۆخە عومەر ئارتانی ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی سۆماڵی بوو، کە سەرڕای بوونی ڤیزای فەرمی، بەهۆی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتنی هاووڵاتیانی سۆماڵ بۆ ئەمریکا، لە فڕۆکەخانەی مەیامییەوە گەڕێندرایەوە بۆ ئەستەمبوڵ و خەونی بەشداریکردنی لە مۆندیالدا لەدەستدا. لەسەر ئاستی جەماوەریش، بەهۆی ڕەتکردنەوەی زۆری ڤیزا بۆ وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا کە ڕێژەکەی لەسەدا 40ی تێپەڕاندووە و سەپاندنی تێچووی زۆری دارایی، ئەم پاڵەوانێتییە گەورەیە گۆڕاوە بۆ کەمترین دادپەروەری و دابڕاوترین وەشان لە مێژووی تۆپی پێدا.

