zagros news agency

کاکا بەراوردکاری نێوان ئیسپانیا و ئەرجەنتین دەکات و ستایشی مێسی دەکات

کاکای ئەستێرەی پێشووی بەڕازیل لە لێدوانێکیدا یادەوەرییەکی خۆی لە مۆندیالی ٢٠٠٢ گێڕایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە یاری کۆتایی بەرامبەر ئەڵمانیا، حەوت خولەک لەسەر هێڵی یاریگا چاوەڕێی هاتنە ناوەوەی بوو، بەڵام پێش ئەوەی یارییەکە بۆ ئەو بکەوێتە سەر، فیکەی کۆتایی یارییەکە لێدرا.

کاکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دۆخە هەرگیز بێتاقەتی نەکردووە، بەڵکو دەستبەجێ ئاڵای وڵاتەکەی هەڵگرتووە و دەستی بە ئاهەنگگێڕان کردووە.

لەسەر ئاستی مۆندیالی ٢٠٢٦ و یاری کۆتایی ئەمشەو لە نێوان ئیسپانیا و ئەرجەنتین لە یاریگای مێتلایف، کاکا شرۆڤەیەکی بۆ دۆخی هەردوو تیپ کردووە. بە باوەڕی ئەو، ئیسپانیا بە متمانەیەکی زۆرەوە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا وەک پاڵێوراو نەدەبینران، توانییان بە ئاستێکی سەرنجڕاکێش فەرەنسا لە پاڵەوانێتییەکە بکەنە دەرەوە.

لە بەرامبەردا، ئەرجەنتین وەک تیمێکی کۆڵنەدەر دەبینێت کە بەرامبەر تیپەکانی وەک کابۆ ڤێردی و میسر و ئینگلتەرا سەلماندیان تا دوا ساتەکان دەجەنگن. کاکا بە تایبەتی ئاماژەی بە لامین یامال کردووە کە لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا هەلێکی زێڕینی هەیە ببێتە پاڵەوانی جیهان، ئەوەش رووداوێکە دەکرێت تەواوی ژیانی پیشەیی و کەسیی ئەو یاریزانە بگۆڕێت.

لە کۆتاییدا کاکا ستایشی مێسی کردووە و وتوویەتی سەرەڕای ئەوەی مێسی هەموو شتێکی بردووەتەوە، بەڵام حەز و خولیای بەردەوامی بۆ کێبڕکێکردن شتێکی ئیلهامبەخشە.

ئەوەی زۆر سەرنجی ئەستێرە بەڕازیلییەکەی ڕاکێشاوە ئەوەیە کە زۆربەی یاریزانان کاتێک دەگەنە لوتکەی دەستکەوتەکانیان ئاستیان دادەبەزێت، بەڵام مێسی خاوەنی عەقڵییەتێکی زۆر بەهێزە و هێشتا بەدوای زیاتردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی باشتر بێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

فیفا دان بە کێشەی تەکنیکی دادەنێت لە پشکنینی گۆڵی یەکەمی سویسرا بەرامبەر قەتەر

sarkar

ڕێزلێنانێکی تایبەت بۆ ڤێرجیل ڤان دایک ڕێک دەخرێت

یاسین

ئەلنەسر پێگەی خۆی لە بەرامبەر ڕیال مەدرید دەپارێزێت

یاسین