سوپای ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە، تۆمەتەکانی ئێرانی ڕەتکردەوە سەبارەت بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوایی بەسەر ئێران، و ڕایگەیاند کە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی تەنها ئامانجیان دامەزراوەی ئەو شوێنانە بووە کە بە وتەی واشنگتۆن، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکە بەکاری دەهێنێت.
ئەم ڕەخنە و وەڵامدانە لە کاتێکدایە کە هەڵمەتی ئاسمانی ئەمریکا دژی ئێران چووەتە شەوی حەوتەمی خۆی، لەگەڵ زیادبوونی ناکۆکی نێوان واشنگتۆن و تاران لەسەر سروشتی ئامانجەکان؛ ئەمریکا دەڵێت تەنها دامەزراوە سەربازییەکان دەکاتە ئامانج، بەڵام ئێران دەڵێت هێرشەکان ژێرخانی خزمەتگوزاریی مەدەنی وەک کارەبایی، دامەزراوەکانی پاککردنەوەی ئاو، پڕدە و ڕێگاکانیشیان گرتووەتەوە.
سوپای ئەمریکا لە وتووێژێکدا بۆ تۆڕی ABC ڕایگەیاند کە ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی دەکەن «دروست نین»، و جەختی کردەوە کە هێرشەکان تەنها ئەو دامەزراوانەیان ئامانج گرتووە کە سپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی جوڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوی فارس بەکاریان دەهێنێت.
هەروەها، سوپای ئەمریکا تاوانباری ئێرانی کرد بەوەی کە بە ئامانجگرتنی کەشتیوانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز، ژیانی مەدەنییان دەخاتە مەترسییەوە. بە گوێرەی ئەو ڕایگەیاندنە، ئامانجی هێرشەکان لاوازکردنی توانای سەربازی و لۆجستیی سپای پاسدارانە.
لە هەمان کاتدا، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند کە لە هێرشە دوایییەکاندا شوێنەکانی چاودێری، ژێرخانی پشتیوانی لۆجستیی سەربازی، کۆگاکانی چەکی ژێر زەوی و تواناکانی دەریایی ئامانج گیراون، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی شەڕکەر، فرۆکەی بێفڕۆکەوان و کەشتییە جەنگییەکان.

