سەرۆکی ئێران، مەسعود پزیشکیان، ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاری شانگهای لە پایتەختی قیرغیزستان، بشکیک، ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا پابەندی ڕێککەوتنی ئاگربەست بێت، ئێرانیش پابەندی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت.
پزیشکیان وتی تاران بە خێرایی هەمان هەنگاو دەهاوێت، ئەگەر واشنگتن بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ئەو بەڵێنانەی کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کاتیی ئاگربەست لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو دراون.
سەرۆکی ئێران پێشترش جەختی لەوە کردبووەوە کە تاران هێشتا خوازیاری چارەسەرێکی گفتوگۆیی بۆ ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکایە. ئەو لە دیدارێکدا لەگەڵ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیری هیندستان، وتی بەردەوامبوونی شەڕ لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە و گفتوگۆ و هاوکاری ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانن.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی ئەمریکا، دونالد ترەمپ، هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردووە و ئێرانی بە «دەوڵەتێکی شکستخواردوو» ناوبردووە.
ئەم هەڵوێستانە دوای ئەوە هاتن کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا هێرشێکی کردە سەر دوو ئامانج لە دوورگەی خارک، بە مەبەستی ــ بەگوێرەی واشنگتن ــ ڕێگریکردن لە هەڵوەشاندنەوەی مین لە ناوچەی تەنگەی هۆرموز لەلایەن هێزەکانی پاسداران.
لە بەرامبەردا، پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی گەورەتر بۆ هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا کردووە.
لە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەمریکا و ئێران دوو جار ڕاگەیاندنی ئاگربەستیان کرد، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هۆرموز و هەنگاونان بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. بەڵام هەردوو ڕێککەوتنەکە بە خێرایی تێکچوون.
دوای تێکچوونی دووەمین ئاگربەست، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە ١٣ی تەمموزەوە فشار و گەمارۆی دەریاییان لەسەر بەندەرەکانی ئێران زیاد کرد و سنووریان بۆ هاتوچۆی کەشتییە ئێرانییەکان دانا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی داهاتی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی دراوی بیانیی ئێرانە.
لە هەمان کاتدا، واشنگتن فشارە ئابوورییەکانی لەسەر تاران زیاتر کردووە و هێرشە سنووردارەکانی لە شەوی یەکشەممە بۆ دووشەممە بەڕێوە بردووە.

