zagros news agency

هەوڵی تورکیا بۆ چۆڵکردنی بارەگای ناوەندیی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوامە

 

ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی لەکار لادراوی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە)، لە ناڕەزایەتییەکدا بەرانبەر بڕیاری دادگا بۆ لادانی لە پۆستەکەی، لەگەڵ لایەنگرانی لە بارەگای سەرەکیی پارتەکە لە ئەنقەرە ماوەتەوە. ئێستا بەرپرسانی حکوومەت هەوڵی چۆڵکردنی ئەو شوێنە دەدەن.
پارێزگاریی ئەنقەرە ڕای گەیاند ئەم هەنگاوە لە پێناو جێبەجێکردنی بڕیاری دادگایە کە کەمال قڵچدار ئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتەکەی، بە شێوەیەکی کاتی وەک سەرۆکی نوێ دیاری کردووە. دادگایەکی ئەنقەرە چەند ڕۆژ لەمەوبەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی جەهەپەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەهۆی “سەرپێچیی ئەگەرییەوە” پووچەڵ کردەوە و بڕیاری لادانی ئۆزگور ئۆزێلی دا.
ئۆزێل لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ئایارەوە باڵەخانەی پارتەکەی چۆڵ نەکردووە. وێنەکان نیشانی دەدەن هێزە تایبەتەکانی پۆلیس لە دەوروبەری باڵەخانەکە لە ئەنقەرە کۆ بوونەتەوە و بەربەستی ئەمنییان دروست کردووە.
کەمال قڵچدار ئۆغڵو تەمەن ٧٧ ساڵ، زیاتر لە ١٠ ساڵ سەرۆکایەتیی جەهەپەی کرد. ئەو لە هەڵبژاردنەکانی سێ ساڵ پێش ئێستادا بەرانبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شکستی هێنا. چاودێران پێیان وایە ئەم بڕیارەی دادگا پاڵنەری سیاسیی لەپشتە، بەڵام حکوومەتی تورکیا جەخت لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکاتەوە. جێی ئاماژەیە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئەستەنبووڵ و ڕکابەری سەرەکیی ئەردۆغان، زیاتر لە ساڵێکە بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی لە زینداندایە، هەرچەندە خۆی هەموو تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان دەکات

یاسین

ئاسایشی ناوخۆی شێخ مەقسوود: بەبێ دوودڵی بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلەکەمان

سەڵاح

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی

سەڵاح