نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا. پاشینیان لە ساڵانی ڕابردوودا سیاسەتی دوورکەوتنەوە لە ڕووسیا و نزیکبوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپای پێڕەو کردووە. مۆسکۆ دەستبەجێ کاردانەوەی نیشان دا و هۆشداریی دا.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەرمەنستان، پارتی “پەیمانی شارستانی” بە سەرۆکایەتیی نیکۆڵ پاشینیان، ٤٩.٨٪ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەدەست هێنا. لە بەرانبەردا، هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن و لایەنگری ڕووسیا بە ناوی “ئەرمەنستانی بەهێز” بە سەرۆکایەتیی ساموێل کاراپێتیانی ملیاردێر، بە بەدەستهێنانی ٢٣.٣٪ی دەنگەکان لە پلەی دووەمدا هات.
پلەی سێیەم بۆ ڕۆبێرت کۆچاریان، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەرمەنستان بوو. هاوپەیمانییەکەی بە ناوی “ئەرمەنستان” ٩.٩٪ی دەنگەکانی بردەوە. کۆچاریان بەوە دەناسرێت پێوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیادا هەیە.
پارتی “ئەرمەنستانی گەشاوە” وەک سێیەم هێزی دڵسۆزی مۆسکۆ، بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتایییەکان ڕێک ٤٪ی دەنگەکانی هێنا و چووە پەرلەمان. بەم حاڵەشەوە، کۆی دەنگی هێزە هاوئاراستەکانی مۆسکۆ بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی بەس نەبوو. پارتی پاشینیان توانی ٦١ کورسی لە کۆی ١٠٥ کورسیی کۆمەڵەی نیشتمانی بباتەوە و بە تەنیا حکوومەت پێک بهێنێت.
ڕێژەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا ٥٩٪ بوو. ئەمەش بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ (کە ٤٩٪ بوو) زیادبوونێکی بەرچاوی نیشان دا.
پاشینیان هەوڵ دەدات ئەرمەنستان لە یەکێتیی ئەورووپا نزیک بکاتەوە. ئەو لە ساڵانی ڕابردوودا پێوەندییەکانی ئەم کۆمارەی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەرە پێ داوە. ئەرمەنستان بە شێوەیەکی نەریتی پێوەندیی قووڵی لەگەڵ ڕووسیادا هەبووە، بەڵام پاشینیان لە هەنگاوێکی سەرەکیدا ئەندامێتیی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانییە سەربازییەکەی ژێر ڕێبەریی ڕووسیا (پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ) سڕ کرد.
کاراپێتیانی ڕکابەری سەرەکیی ئەو، پێش هەڵبژاردن ئەم ڕێبازەی بە “جووڵەیەکی سەرکێشانە و بەپەلە” بەرەو ڕۆژاوا ناو برد و ڕەخنەی لێ گرت.
بەم حاڵەشەوە، سەرۆک وەزیرانی تەمەن ٥١ ساڵەی ئەرمەنستان دوای دەنگدان لە یەریڤان جەختی کردەوە وڵاتەکەی سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ پێڕەو دەکات. گوتیشی پرسی “هەڵبژاردن لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژاوا” بۆ تاران و یەریڤان لە بنەڕەتدا بوونی نییە.
ڕووسیا تا ئێستاش گرنگترین هاوبەشی بازرگانیی ئەرمەنستانە. ئەم وڵاتە لە کەرتی وزە و چەک و تەقەمەنیدا وابەستەییەکی زۆری بە مۆسکۆوە هەیە. شرۆڤەکاران ئەم هەوڵەی یەریڤان بە “دانیشتن لەسەر دوو کورسی لە یەک کاتدا” وەسف دەکەن.
مۆسکۆ بە شێوەیەکی زیادبوو ناڕەزایەتیی خۆی بەرانبەر سیاسەتە ڕۆژاوایییەکانی ئەرمەنستان دەردەبڕێت. ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا، ماوەیەک لەمەوبەر خولیای ئەرمەنستانی بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا بە ڕێبازەکەی پێشووی ئۆکراینا چواند؛ ئەو ڕێبازەی بە بڕوای ئەو هۆکاری سەرەکیی دەستپێکی جەنگی ساڵی ٢٠٢٢ بوو. پوتین گوتی “سیناریۆی ئۆکراینا” ڕێک بە هەوڵی کیێڤ بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا دەستی پێ کرد. لە بەرانبەردا، ئۆکراینا کاردانەوەیەکی تەواو جیاوازی هەبوو. ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکراینا، لە پەیامێکدا پیرۆزباییی لە پاشینیان کرد و ئەم هەڵبژاردنەی بە “سەرکەوتنی سەربەخۆیی” ناو برد.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وەرچەرخانی ئەرمەنستان بەرەو ڕۆژاوا، بێئومێدبوونی ئەم وڵاتە بوو لە دەور و نەخشی ڕووسیا لە قەوقازدا. لە کاتی هێرشی سەربازیی کۆماری ئازەربایجان لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ بۆ سەر ناوچەی ئەرمەنینشینی ناگۆرنۆ قەرەباغ، هێزە ئاشتیپارێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا هیچ دەستوەردانێکیان بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە ئەنجام نەدا.
ئەرمەنستان لە شوێنێکی جوگرافیی هەستیار لە نێوان ئەورووپا و ئاسیادایە و لەگەڵ وڵاتانی ئێران، گورجستان، تورکیا و کۆماری ئازەربایجان هاوسنوورە. کۆماری ئازەربایجان بە پاڵپشتیی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا تەواوی ناوچەی قەرەباغی کۆنترۆڵ کرد. ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوون و ڕاکردنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئەرمەنی بۆ ناو سنوورەکانی ئەرمەنستان. لێکەوتە و بارگرانییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆچە بەکۆمەڵە، تا ئێستاش لەم وڵاتە بچووکە سێ ملیۆن کەسییەدا بە توندی هەستی پێ دەکرێت.

