zagros news agency

لە لێواری لووتکەی ناتۆدا تورکیا داوای هاوئاهەنگی لە پێکهاتەی بەرگریی ئەورووپادا دەکات

نزیکەی هەفتەیەک پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، داوای “تێکەڵبوون و هاوئاهەنگی” وڵاتەکەی لە پێکهاتەی بەرگریی ئەورووپادا کرد.
ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی تەممووز، لە کردنەوەی کۆڕبەندی پەرلەمانیی ناتۆ لە ئەستەنبووڵ و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ٣٢ وڵاتی ئەندام گوتی: «ئێمە وەک یەکێک لەو وڵاتانەی لە پەرەپێدانی کۆڵەکەی ئەورووپایی ئەم پەیمانەدا (ناتۆ) خاوەن ڕاین، دەمانەوێت لە هەموو دەسپێشخەرییە بەرگری و تەناهییەکانی ئەم کیشوەرەدا بەشدار بین.»
ئەو بە ئاماژەدان بەوەی یارمەتییە “ژیانی و گرنگەکانی” تورکیا بۆ تەناهیی ئەورووپا هەندێک جار پشتگوێ دەخرێن، گوتیشی: وڵاتەکەی لە ئەندامانی پەرلەمان چاوەڕوان دەکات “پاڵپشتی لە بەشداریی تورکیا لەو پڕۆژە بەرگری و تەناهییانە بکەن یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندوون”.
ئەورووپا ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی ڕووسیا و مەترسیی کەمبوونەوەی بەشداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناتۆدا، خەریکی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگرییە. کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا بە ناوی “هەنگاوی تەناهی بۆ ئەورووپا” (Safe)، نزیکەی ١٥٠ ملیار یۆرۆی بە شێوەی قەرزی هەرزان بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژە هاوبەشەکان تەرخان کردووە. ئەم بودجەیە بۆ کڕینی چەک یان تەقەمەنی و پەرەپێدانی ژێرخانی بەرگری و دامەزراوەکانی پاراستنی سنوور بەکار دێت.
بۆ بەشداریی تورکیا لە پڕۆژەی “Safe”دا، ڕەزامەندیی هەموو ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا پێویستە. ئەمە لە کاتێکدایە یۆنان پێشتر هەڕەشەی ڤیتۆ و بلۆککردنی ئەم داواکارییەی کردووە. یۆنان بەهۆی ناکۆکییە کۆنەکانی سەر سنوور و سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ تورکیا، مافی ڤیتۆی خۆی لە یەکێتیی ئەورووپادا وەک ئامرازێکی گوشار بەرانبەر ئەم وڵاتە بەکار دەهێنێت.
تۆماس ڕێنیە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، لە وەڵامی داواکارییەکەی ئەردۆغاندا ڕایگەیاند دەقی یاسایی ئەم پڕۆژەیە “تەواو ڕوونە”. ئەو ڕوونی کردەوە: «هەر وڵاتێکی سێیەم (کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نییە) دەتوانێت لە چوارچێوەی پڕۆژەی Safeدا، تا ئاستی ٣٥٪ لە هەر پڕۆژەیەکی بەرگریدا بەشدار بێت.»

هەواڵی پەیوەندیدار

هێرشی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان؛ 12 شوێن بۆردومان کران و قوربانی هەیە

سەڵاح

خولە بەهێزەکان..ئەمڕۆ لەگشت خولەکان یاری بەڕێوەدەچن و یاری بەهێز هەن

یاسین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

یاسین