توێژەران لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەرزترین پلەی گەرمیی تۆمارکراوی زەریاکانی جیهانیان پشکنیوە. ئەم ڕەوتە لەگەڵ دیاردەی “ئێڵ نینۆ” لە زەریای هێمن، نیشانی دەدات ئاڕاستەی پلەی گەرمی جیهانی هەر بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
ئاستی ئاوی زەریاکان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٦ گەیشتە بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی خۆی لەم کاتەی ساڵدا. دامەزراوەی بەرنامەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ چاودێری گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی دەریایی، ڕۆژی چوارشەممە ١ی تەممووز لە شاری بونی ئەڵمانیا ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند. بە گوێرەی ڕاپۆرتی خزمەتگوزاری کەشوهەوای یەکێتیی ئەورووپا، تێکڕای پلەی گەرمی ئاستی ئاوی زەریاکانی جیهان لە ٢١ی حوزەیراندا ٢٠.٨٦ پلەی سەدی بووە و تەنانەت ریکۆردەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤یشی تێپەڕاندووە.
کارلۆ بونتێمپۆ، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس، گوتی بارودۆخی ئێستا دەکرێت نیشانەی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت کە ئێمە بەرەو “قەڵەمڕەوێکی نەناسراو” دەبات. زانایان بۆ مانگەکانی داهاتووش پێشبینی ریکۆردی نوێی پلەی گەرمی دەکەن.
گەرمبوونی زەریاکان لێکەوتەی زۆری هەیە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاوی دەریاکان دەبێتە هۆی ئەوەی بەرگەهەوای زەوی بۆ ماوەیەکی درێژتر بە گەرمی بمێنێتەوە، وزەی زیاتر بۆ گەردەلوولەکان بگوازرێتەوە و ڕێژەی هەڵماندن زیاد بکات. لە ئەنجامدا ئەگەری بارانی بەخوڕ و لافاویش زیاتر دەبێت. جگە لەم مەترسییانە، گەرمبوونی زەریاکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و توانەوەی شاخە سەهۆڵییەکان.
هەواڵی پێشوو

