zagros news agency

بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر، ڕێورەسمی، فەرمانی دەستبەكاربوونی قایمقامی قەزایی بەحرکە و بەرێوەبەری ناحیەی کۆرێ بەڕێوەچوو

ئەمرۆ چوارشەممە 2026.7.8، بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، لە دیوانی وەزارەت، ڕێورەسمی فەرمانى کارگێرى و دەست بەکاربوونى هەریەك لە شاخەوان سدیقە سۆر، وەک قایمقامی قەزای بەحرکە و ئیبراهیم مەلازادە، وەک بەرێوەبەری ناحیەی کۆرێ بەرێوەچوو.

لەڕێورەسمەكەدا، هەریەك لە وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر، سوپاس و ستایشی بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد، بۆ بەقەزا بوونی بەحركە و بە ناحییە بوونی كۆڕێ، لە چوارچێوەی گرنگیدانی جەنابیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ناوچە جیاوازەکان.

هەروەها وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەکاربوونیان، هیوای سەرکەوتنیان لە ئەرکە نوێیەکەیاندا بۆ خواستن و پاڵپشتی و هاوکاری تەواوی خۆیان لەپێناو سەرخستنى کارەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە دانیشتوانى سنوورەكەیان دووپات كردەوە، لە لایەکی تریشەوە، جەختیان لەوەكردەوە كە ئەو ئەركەی پێیان ڕاسپێردراوە بەرپرسیاریێتیەكی گەورە و نیشتمانییە لە ئەستۆیاندا، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی هاوڵاتیان و گەشەپێدانی زیاتری ناوچەکە.

لەكۆتایشدا، وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر ، جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی کاروباری کارگێڕیی ناوخۆیی و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کردەوە و هاوكات ئاماژەیان بە پێویستیی نزیکبوونەوەی زیاتر لە هاوڵاتیان و خێراکردنی ڕاپەڕاندنی مامەڵەکانیان کرد، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی شایستە و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی دامەزراوە حکومییەکان لە قەزای بەحرکە و ناحیەی کۆرێ، بە جۆرێک کە لە ئاستی خواست و چاوەڕوانییەکانی دانیشتووانی ناوچەکەدا بێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

بەفەرمی نەسڕ بۆندێکی مێژوویی ڕاگەیاند

یاسین

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی له‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا کرد

سەڵاح

لیڤەرپول بە کارێک بەرامبەر بنەماڵەی دیاگۆ جۆتا هەموو لایەک شۆک دەکات

یاسین