کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ئەندام لە “پەیمانی ئەتڵەسیی باکوور” (ناتۆ) ڕۆژی چوارشەممە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستی پێ کرد. ئەم کۆبوونەوەیە لە کەشێکی ئاڵۆزدا بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و داهاتووی تێچووە بەرگرییەکانی ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە بەڕێوە دەچێت و وەک یەکێک لە هەستیارترین کۆبوونەوەکانی ساڵانی دوایی ناتۆ وەسف دەکرێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ لە کاتی کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا، دیدگای وڵاتەکەی دەربارەی ڕۆڵی ناتۆ بەرانبەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان ڕوون کردەوە و گوتی: تورکیا لە بەشداریی پاراستنی ئاسایشی بەکۆمەڵ و بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی بەردەوام دەبێت.
ئەو ئاماژەی بەوەش دا وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەریایی و زەمینییەکان دژی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەشداری دەکات و پشتگیریی ئەنقەرەی بۆ ئەو دەسپێشخەرییانە ڕاگەیاند ئامانجیان دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئۆکرانیایە.
ئەردۆغان دەربارەی پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە ئێران گوتی: تورکیا ئامادەی بەشدارییە لە “ئۆپەراسیۆنی ئەگەریی مینڕێژکردن لە گەرووی هورمز”. هاوکات دەستخۆشیی لە “هەڵوێستی بڕیاردەرانەی” دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنی یەکڕیزیی ئەندامانی ناتۆ بەرانبەر هەڕەشە ئەمنییەکان کردەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە پێویستیی هاوپشتیی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆر کردەوە و سوپاسی ئەمریکا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیای کرد کە بۆ بەهێزکردنی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی تورکیا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکانی دواییدا لەگەڵ ئێران، پشتگیریی زیاتریان پێشکەش کردووە.
دۆسیەی ئێران لە کارنامەی کۆبوونەوەی ناتۆدا لە پێشینەدایە. نیگەرانییەکان دەربارەی لێکەوتەکانی گرژیی سەربازی لەسەر ئاسایشی وزە و هاتوچۆی کەشتییەکان زیادیان کردووە.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە توندیی قسەکانی بەرانبەر تاران زیاد کرد و ڕایگەیاند: لای ئەو لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی هاتووە. هەروەها جەختی کردەوە واشینگتن ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات. بەمەش ئەگەری دەستپێکردنەوەی ڕێگەی دیپلۆماسی کەم بووەتەوە و ئەگەری بەردەوامیی گرژیی سەربازیی نێوان هەردوولا زیاتر بووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی “بلۆمبێرگ”یان ڕاگەیاندووە ناتۆ تاوتوێی هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی کۆبوونەوەی ساڵی داهاتوو دەکات. بە گوتەی ئەم سەرچاوانە، ئەم باسە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنقەرەدا گەرم بووە و نیگەرانی هەیە کۆبوونەوەی داهاتوو ببێتە دەرفەتێک بۆ ترەمپ تا ڕەخنە لە ئەندامانی ناتۆ بگرێت؛ بەتایبەت ئەگەر ئەگەری سازکردنی کۆبوونەوەکە لە ئەلبانیا بێتە ئاراوە. ئەم وڵاتە بەراورد بە ئەندامانی دیکەی ناتۆ، یەکێکە لەو وڵاتانەی کەمترین پشکی لە دابینکردنی دارایی ناتۆدا هەیە.
ترەمپ گوتبووی بەهۆی “پەیوەندیی باشی” خۆی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی ئەنقەرەدا بەشداریی کردووە. ئەو لە کاتی ئامادەبوونیدا جارێکی دیکە ڕەخنەکانی لەم هاوپەیمانییە سەربازییە دووبارە کردەوە؛ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی باسی سازکردنی کۆبوونەوە ساڵانەکانی ناتۆ بە شێوەی ئاسایی لە ناوخۆی هاوپەیمانییەکەدا سەر هەڵ بداتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی بلۆمبێرگ، مارک ڕوتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ پێی باشە کۆبوونەوەی ساڵانەی هاوپەیمانییەکە بپارێزرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنقەرە هیچ ئاماژەیەکی بە کۆبوونەوەی داهاتووی ناتۆ تێدا نییە.
جۆزێپە کاڤۆ دراگۆن، سەرۆکی کۆمیتەی سەربازیی ناتۆ دەڵێت: سازکردنی کۆبوونەوەی داهاتوو لە ئەلبانیا هێشتا وەک بژاردەیەک لە ئارادایە، بەڵام کاتی بەڕێوەچوونی لە ساڵی داهاتوو یان ساڵی دواتردا جێگەی باسە.
٢

