هونەرمەندی لوبنانی فەزل شاکر، دوای بڕیاری ئازادکردنی لە لوبنان، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ سەردانیکردنی سووریا و ڕێزلێنان لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئەو وڵاتەوە پێگەیشت.
ئەم بانگهێشتە هاوکات بوو لەگەڵ پێشهاتە دادوەرییە نوێیەکان لە لوبنان، دوای ئەوەی دادگای سەربازی ڕەزامەندی لەسەر ئازادکردنی نیشان دا.
وەزیری ڕۆشنبیری سووریا محەمەد یاسین ئەلساڵح، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پیرۆزبایی لە فەزل شاکر کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پشتیوانیکردنی ئەو هونەرمەندە لە گەلی سووریا بەردەوام جێی پێزانین دەبێت.
وەزیر ڕایگەیاند، وەزارەتی ڕۆشنبیری بە نیازە ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنانی بۆ ساز بکات. ئەو گوتی، شانۆکانی دیمەشق چاوەڕوانی هاتنی دەکەن بۆ ئەوەی بە دەنگە ئازادەکەی بزوێنەر بێت و لە نێو خەڵک و هۆگرانی خۆیدا بوەستێت.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دادوەر عەمید وەسیم فەییاز، ڕەزامەندی لەسەر داواکاری ئازادکردنی فەزل شاکر نیشان دا، کە لەلایەن پارێزەرەکەیەوە پێشکەش کرابوو.
دادگاییکردنی ناوبراو لەبارەی دۆسییەی شەڕی عەبرا کە لە تەممووزی 2013 ڕوویدا بەردەوامە، تێیدا دادوەر گوێ لە گەواهیدەران دەگرێت لەبارەی تۆمەتەکانی پەیوەست بە چوونە پاڵ گرووپی ئەحمەد ئەلئەسیر.

