تیمێکی نێودەوڵەتی لە زانایان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، ڕایانگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە، وشکەساڵی لە ئەوروپا خراپتر کردووە. زانایان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تۆمارکردنی پلە پێوانەیییەکانی گەرما، نەک کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین، هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەیە.
ئێستا کیشوەرەکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی وشکەساڵی توند بووەتەوە؛ لە فەڕەنساوە تا ڕۆمانیا، وڵاتان بەدەست وشکبوونی ڕووبارەکان، سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئاو و ئاگرکەوتنەوەی وێرانکەری دارستانەکانەوە دەناڵێنن، ئەمەش دوای ئەو شەپۆلە گەرما مێژووییە دێت کە لە مانگی حوزەیراندا ناوچەکەی گرتەوە.
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە کەشوهەوای گەرمتری ئێستا، پرۆسەی لەدەستدانی شێی لە خاک، دەریاچە و ڕووبارەکانی ئەوروپادا خێرا کردووە، ئەمەش ئەگەری ڕوودانی دۆخی وشکەساڵی توند زیاتر دەکات.
مەریەم زەکەریا، یەکێک لە بەشداربووانی ئامادەکردنی ئەم توێژینەوەیە کە لەلایەن گرووپی World Weather Attributionـەوە ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوچە بەرفراوانەکانی ئەوروپا لە ماوەی وەرزی بەهاردا ڕێژەی بارانبارینیان لە خوار ئاستی ناوەندەوە بووە، بەڵام ئەو گەرمایەی کە لە گۆڕانی کەشوهەواوە سەرچاوەی گرتووە، وشکەساڵییەکەی “توندتر” کردووە.
ئەم توێژەرەی زانکۆی “ئیمپریال کۆلێج” لە لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “بە گشتی، دەرئەنجامەکانمان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەم وشکەساڵییە لە پلەی یەکەمدا تەنیا چیرۆکی کەمیی بارانبارین نییە، بەڵکو دەرئەنجامی بەرگەهەوایەکی گەرمترە کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شێ لە زەویدا.”
هەروەها وتیشی: “ئەمەش بەو مانایەیە کە تەنانەت لەو ناوچانەشدا کە گۆڕانکاریی گەورەیان لە بڕی بارانباریندا بەخۆوە نەبینیوە، یان لەوانەی کە پێشبینی دەکرێت بڕی بارانیان لە وەرزەکاندا زیاد بکات، مەترسییەکانی وشکەساڵی هەر بەردەوامن لە بەرزبوونەوە.”
بەپێی گوتەی زانایان، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە بەرگەهەوای گەرمتر دەتوانێت لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی پلەی گەرما بە بڕی یەک پلەی سەدی، نزیکەی %7 شێی زیاتر لە شێوەی هەڵمی ئاودا لەخۆیدا کۆبکاتەوە.
جێی ئاماژەیە پلەی گەرمی زەوی لە ماوەی نێوان ساڵانی 1850 بۆ 1900وە تا ئێستا نزیکەی 1.4 پلەی سەدی بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ سووتاندنی خەڵوز، نەوت و گاز.
هەواڵی پێشوو

