لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی سەڵاحەددین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی ئاستی زانستی، شاندێکی زانکۆکە سەردانی وڵاتی هەنگاریایان کرد و لەگەڵ چەند زانکۆیەکی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە.
دکتۆر موسا مەمەدەڕەش، ڕاگری کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەددین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند: “وەکو نوێنەری زانکۆی سەڵاحەددین و بە یاوەری شاندێک لە مامۆستایانی زانکۆمان، بەژداریمان کرد لە بەرنامەی هەماهەنگی (ئیراسموس) لە وڵاتی هەنگاریا، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی هاوکارییە زانستی و کولتوورییەکانە لەنێوان هەردوولادا.”
ڕاگری کۆلێژی ئەدەبیات ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە سەردانەکەدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەرهەمدار و پڕبایەخ لەگەڵ زانکۆکانی (پازمانی پیتەر کاتۆلیک) و (ئالتا) ئەنجام دراون. وتیشی: “بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی هاوبەشی داهاتوو داڕێژراوە، کە ئامانجی سەرەکییان سوودمەندبوونی ستافی ئەکادیمی، مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەددینە لە قۆناغەکانی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا.”
دەربارەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکان، دکتۆر موسا مەمەدەڕەش بۆ زاگرۆس ڕوونی کردەوە: “ئەم هەماهەنگییە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانستی و کولتووری، گەشەپێدانی بەرنامە ئەکادیمییەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لەنێوان زانکۆکانمان دەگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی زانستیی زانکۆمان و ئاشنابوونی قوتابیان و مامۆستایان بە ئەزموونە جیهانییەکان.”
جێی باسە زانکۆی سەڵاحەددین یەکێکە لەو زانکۆ پێشەنگانەی هەرێمی کوردستان کە لە ڕێگەی بەرنامەی (ئیراسموس) و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ دابینکردنی هەلی خوێندن و ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ مامۆستا و قوتابیانی لە زانکۆ ناودارەکانی جیهان.


