zagros news agency

زانکۆی سەڵاحەددین پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی لەگەڵ زانکۆکانی هەنگاریا فراوانتر دەکات

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی سەڵاحەددین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی ئاستی زانستی، شاندێکی زانکۆکە سەردانی وڵاتی هەنگاریایان کرد و لەگەڵ چەند زانکۆیەکی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە.

دکتۆر موسا مەمەدەڕەش، ڕاگری کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەددین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند: “وەکو نوێنەری زانکۆی سەڵاحەددین و بە یاوەری شاندێک لە مامۆستایانی زانکۆمان، بەژداریمان کرد لە بەرنامەی هەماهەنگی (ئیراسموس) لە وڵاتی هەنگاریا، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی هاوکارییە زانستی و کولتوورییەکانە لەنێوان هەردوولادا.”

ڕاگری کۆلێژی ئەدەبیات ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە سەردانەکەدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەرهەمدار و پڕبایەخ لەگەڵ زانکۆکانی (پازمانی پیتەر کاتۆلیک) و (ئالتا) ئەنجام دراون. وتیشی: “بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی هاوبەشی داهاتوو داڕێژراوە، کە ئامانجی سەرەکییان سوودمەندبوونی ستافی ئەکادیمی، مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەددینە لە قۆناغەکانی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا.”

دەربارەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکان، دکتۆر موسا مەمەدەڕەش بۆ زاگرۆس ڕوونی کردەوە: “ئەم هەماهەنگییە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانستی و کولتووری، گەشەپێدانی بەرنامە ئەکادیمییەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لەنێوان زانکۆکانمان دەگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی زانستیی زانکۆمان و ئاشنابوونی قوتابیان و مامۆستایان بە ئەزموونە جیهانییەکان.”

جێی باسە زانکۆی سەڵاحەددین یەکێکە لەو زانکۆ پێشەنگانەی هەرێمی کوردستان کە لە ڕێگەی بەرنامەی (ئیراسموس) و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ دابینکردنی هەلی خوێندن و ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ مامۆستا و قوتابیانی لە زانکۆ ناودارەکانی جیهان.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

لەماوەی 72 کاتژمێردا 35 چەکداری سەر بە ڕژێمی پێشووی ئەسەد کوژران

سەڵاح

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سووریا دەکات

سەڵاح

ئەمڕۆ زاخۆ دەبێتە میوانی نەورۆز

سەڵاح