دادگای تاوانەکانی دیمەشق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەریەک لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و عاتف نەجیب، بەرپرسی پێشووی ئاسایشی سیاسی لە پارێزگای درعا دەرکرد، ئەوەش دوای تۆمەتبارکردنیان بە ئەنجامدانی تاوانەکانی ئەشکەنجەدان و کوشتنی ئەنقەست.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، بەشار ئەسەد و عاتف نەجیب بە بەرپرسیار لە گیان لەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان لە قۆناغە جیاوازەکاندا ناسێندراون.
دادگا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بڕیارەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەو بەڵگە و دۆسیانە هاتووە کە پێشکەش بە دادگا کرابوون، تێیدا سەلمێندراوە کە تۆمەتباران دەستیان هەبووە لە دەرکردنی فەرمانی ڕاستەوخۆ بۆ بەکارهێنانی توندوتیژیی کوشندە دژی هاووڵاتییان.
عاتف نەجیب، کە پورزای بەشار ئەسەدە و لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١١دا بەرپرسی ئاسایشی سیاسی بوو لە درعا، یەکێکە لەو کەسایەتییە سەرەکیانەی کە ناوی لە دۆسیەی ئەشکەنجەدانی منداڵانی درعادا هەیە، کە ئەوەش ببووە کڵپەپێکردنی ئاگری شەڕی ناوخۆی سووریا.
ئەم بڕیارەی دادگای تاوانەکان لە کاتێکدایە، کە پێشتر چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ داوای دادگاییکردنی بەرپرسانی باڵای سووریایان کردبوو بەهۆی ئەو پێشێلکارییە گەورانەی لەو وڵاتەدا بەرامبەر بە مەدەنییەکان ئەنجامدراون.

