ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئامادەکارییەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگی ژێرخانی ڕێگاوبان تەواو کردووە، کە پێکهاتووە لە دروستکردنی شەش ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس لەسەر ڕێگەی سەرەکیی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی هاتوچۆ و ئاسانکاریکردن بۆ جووڵەی بازرگانی.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند کە دیزاینی پڕۆژەکە بە شێوازێکی تەواو سەردەمیانە ئامادەکراوە و لە ئێستادا تەنیا ماوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پڕۆژەکە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە ئۆڤەرپاسی سەنتەری شاری زاخۆ.
ئەم ڕێگەیە شا دەماری ئابووری و کۆمەڵایەتییە، چونکە هەرێمی کوردستان و عێراق بە تورکیا و جیهانەوە دەبەستێتەوە. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، جگە لە سڕینەوەی ئاستەنگەکانی هاتوچۆ و بەخشینی ڕوویەکی شارستانی بە ناوچەکە، ئاسانکاریی گەورە بۆ گەشتیاران، هاووڵاتییان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی سنوورەکە دەکرێت.

