zagros news agency

وەزارەتی دارایی ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەستپێکردەوە

 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین گشتاندنی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی بە وەزارەت کردووە، ڕێنمایی و ڕێکارە نوێیەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگەیاند و تێیدا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەموو کارەکان تەواو بکرێن.

بەگوێرەی ئەو نووسراوە فەرمییەی کە واژووی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە و لە ڕێکەوتی ١٢ـی ئابی ٢٠٢٦ دەرچووە، بڕیاردراوە بە گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ ئەژمارکردن و پلەبەرزکردنەوەی گشت فەرمانبەران لە پلەی ١٠ بۆ پلەی ١، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بەو ڕاگرتنەی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ و سەرەتای ٢٠١٦ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێ کرابوو.

وەزارەتی دارایی لە ناوەڕۆکی ڕێنماییەکەیدا داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دەکات کە پێویستە تاوەکو ڕێکەوتی ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، کارەکانی تایبەت بە وردبینی و ئامادەکردنی لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی شایستەی پلەبەرزکردنەوەن تەواو بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت لیژنەی تایبەت لە ناو وەزارەتەکاندا پێکبهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە میلاکات و پلەکان بەگوێرەی ئەو خشتە و ڕێکارانەی کە دیاری کراون.

ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارە و خێراکردن لە جێبەجێکردنیدا بۆ جێگیرکردنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕێکخستنی شایستەکانیانە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا، تاوەکو لە کاتی وردبینیکردنی لیستەکان لەلایەن بەغداوە هیچ جۆرە کێشەیەکی یاسایی و کارگێڕی نەیەتە پێش و مافی فەرمانبەران بە تەواوی پارێزراو بێت.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی کە پاڵپشتە بە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی ژمارە ٢٢ـی ساڵی ٢٠٠٨ و دوای ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دێت، کۆتایی بە چاوەڕوانییەکی زۆری فەرمانبەران دەهێنێت کە بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵ بوو بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەوە، سەرەڕای هەبوونی مەرجە یاساییەکان پلەکانیان بەرز نەدەکرایەوە.

darayee

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان، بەردی بناخەی بازاڕی هاوچەرخی سەوزە و میوەی ئاکرێ دادەنێت

یاسین

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ ئاستێکی پێوانەیی

سەڵاح

“فارس عیسا” سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری و ئاسایشی وەزارەتی بەرگری دەکات

دڵشاد