zagros news agency

ئەمریکا هەوڵی دروستکردنی میکانیزمێک دەدات بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی سەربازی نێوان ئیسرائیل، تورکیا و سوریا

 

تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تورکیا، ڕایگەیاند کە واشنتن بە شێوەیەکی چڕ کار بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی “ڕێگریکردن لە پێکدادان” (Deconfliction mechanism) لە نێوان ئیسرائیل، تورکیا و سوریا دەکات. ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی سوریا لە نزیک سنوورەکانی تورکیا.

تۆماس باراک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی “ڕۆیتەرز” ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانی “ئەبو زوھور” لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، مەترسییەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە. باراک وتی: “ئەنقەرە پێشوەختە ئاگاداری هێرشەکە نەبووە، کاتێک فڕۆکەکانیان بینیوە بەرەو سنوورەکانیان دەچن، ئەگەری ئەوە هەبوو تورکیا وەک بەرگرییەک وەڵامی سەربازی هەبێت، بەڵام خۆشبەختانە عەقڵانییەت ڕێگەی لە تەقینەوەی دۆخەکە گرت.”

ئەم گرژییە لە کاتێکدایە کە تورکیا (خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ) بووەتە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی “ئەحمەد ئەلشەرع”، سەرۆککۆماری نوێی سوریا، کە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠٢٤ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. تورکیا ئێستا مەشق بە سوپای سوریا دەکات و لە ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هاوکاریی دیمەشق دەکات.

نێردەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە هێرشەکەی ئیسرائیل بەهۆی ئەو گومانەوە بووە کە گوایە تورکیا دەویست لە داهاتوویەکی نزیکدا بوونی سەربازی خۆی لە بنکەی “ئەبو زوهور” بەهێزتر بکات. ئیسرائیل لە دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ لە سوریا، بە گومانەوە دەڕوانێتە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە پێی وایە جێپەنجەی ئێران یان حیزبوڵای لوبنانی تێدایە.

میدیای فەرمیی سوریا (ئیخبارییە) بڵاویکردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ٨ جار بنکەی ئاسمانی ئەبو زوهوریان بۆردومان کردووە و زیانیان بە ڕێڕەوی فڕین و کۆگاکانی بنکەکە گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. سوپای ئیسرائیل تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر هێرشەکە نەداوە.

تۆماس باراک جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت چوارچێوەیەکی دیپلۆماسی و سەربازیی بەهێز بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان ئەو لایەنانە دروست بکات، چونکە بە وتەی ئەو “وەبەرهێنان لە میکانیزمی پەیوەندی، زۆر هەرزانترە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی کە ڕەنگە سەدان ملیۆن دۆلار زیانی هەبێت.”

شایەنی باسە بنکەی ئەبو زوهور کە نزیکەی ٧٠ کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە، لە ساڵی ٢٠١٣وە وەک فڕۆکەخانەی سەربازی لەکارکەوتووە، بەڵام بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەیەوە، ململانێیەکی زۆری لەسەرە.

 

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

ناوبژیوانەکەی یاری نێوان بارسێلۆنا و ڤالیکانۆ کێشەی نوێ دروست دەکات

یاسین

لە ئێران نان دوو ئەوەندەی نرخی خۆی گران کرا

سەڵاح

سەرۆكی حكومەت بەردی بناخەی جووتسایدی بەردەڕەش – خەباتی دانا

یاسین