سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەدواداچوونیان بۆ رێککەوتننامە دادوەرییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد.
لە کۆبوونەوەی نێوان فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، تاوتوێی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە یاسایی و دادوەرییەکانی نێوان بەغدا و تاران کرا. بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەردولا بەدواداچوونیان بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامە و یاداشتنامانە کردووە کە پێشتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا کراون.
ئەم دیدارە لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێراندا دێت بۆ عێراق، کە تێیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵات ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە ئەمنییەکان.
ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ هەوڵی بەردەوامی هەردوو وڵات بۆ پتەوکردنی چوارچێوە یاساییەکان و هەماهەنگی زیاتری دامەزراوەیی لە نێوان بەغدا و تاراندا.

