ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە پشتبەستن بە بڕیارێکی پێشووی دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیاریدا بەکارهێنانی نازناوی “دادوەر” لەلایەن ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ئەنجومەنەکە لە وەزیفە یان پۆستێکدان، ڕێگەپێنەدراو بێت.
ئەم بڕیارە لە کاتی بەستنی نۆیەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ ساڵی 2026 هات، کە بەیانی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی فایەق زێدان، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا بەکارهێنانی نازناوی “دادوەر” لەلایەن ئەو کەسانەوە تاوتوێ کرا کە پێشتر لە دەسەڵاتی دادوەری کاریان کردووە و دواتر گواستراونەتەوە بۆ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن، یان دامەزراوە سەربەخۆکانی دیکە.
ئەنجومەنەکە ڕوونیکردەوە کە بڕیارەکەی بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (66/اتحادية/2021) لە 29ی ئەیلوولی 2021 دەرچووە، کە تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی یاسادانانی ژمارە (88)ی ساڵی 2004، و جەختیکردەوە کە بەکارهێنانی ئەم نازناوە بۆ کەسێک کە لە دەرەوەی ئەنجومەنەکە پۆست یان وەزیفەی هەیە، ڕێگەپێنەدراوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنەکە ڕەزامەندیی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ژمارەیەک دادوەر، گواستنەوە، ڕاسپاردن و بەخشینی پۆستی دادوەری دا، لەگەڵ پەسەندکردنی پێکهاتەکان لە هەندێک لە سەرۆکایەتییەکانی دادگای تێهەڵچوونەوە بەپێی بەرژەوەندیی گشتی. هەروەها ڕێوڕەسمی کۆچی دوایی بۆ جێگری کۆچکردووی داواکاری گشتی (کەریم موحی جەبر) بەڕێوەچوو.
بەبۆنەی “ڕۆژی پارێزەران”یشەوە، ئەنجومەنەکە ڕێنمایی دا بە دادوەران کە هاوکاریی تەواو لەگەڵ سەندیکای پارێزەران و پارێزەراندا بکەن بۆ کارئاسانی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، و بڕیاریدا دەستبەرداری ئەو سکاڵایانە بێت کە وەک کەسایەتیی مەعنەوی لەلایەن ئەنجومەنەکەوە دژی پارێزەران تۆمار کرابوون.

