دوای ئەوەی لە ڕابردوودا وەک یاریزانی بەرشەلۆنە و ڕیال مەدرید کێبڕکێی بەهێزیان دەکرد، ئێستا چاڤی هێرناندێز و ڕوود ڤان نیستلرۆی ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە بڕیاریدا گۆڵکارە هۆڵەندییەکە لە ستافی تەکنیکیی نوێی هەڵبژاردەی هۆڵەندادا بهێڵێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، نایجل دی یۆنگی بەڕێوەبەری وەرزشیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا ڕایگەیاند کە چاڤی دەستی بە پێکهێنانی ستافەکەی کردووە تاوەکو بە باشترین شێواز و لە تەواوی تایم و وەستانە نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەکاری بۆ خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بکەن.
چاڤی بڕیاریدا ڤان نیستلرۆی بپارێزێت کە خاوەنی ئەزموونی ڕاهێنەرایەتییە لەگەڵ ئایندهۆڤن و مانچستەر یونایتد و لیستەر سیتی، هاوکات عادل ڕەمزیی ڕاهێنەری پێشووی یانەی ویدادی مەغریبی و هەڵبژاردەی ژێر 19 ساڵانی هۆڵەنداشی هێناوەتە ستافەکەی.
جگە لەوانە، پاتریس لۆدویکس وەک ڕاهێنەری گۆڵپارێزەکان گەڕێنراوەتەوە و ئیڤان تۆرێس بەرپرسیارێتیی ڕاهێنانی جەستەیی وەرگرتووە، هەروەها ئۆسکاری برا گەورەی چاڤی و سێرخیۆ ئەلیگریش لەگەڵیدا بەردەوام دەبن.

