ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاند، داتای کارتی نیشتمانیی بۆ زیاتر لە 1.9 ملیۆن خێزانی خاوەن مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی نوێ کرایەوە، هاوکات داوای لە 79 هەزار خێزانی تریش کرد لە نوێکردنەوەی داتاکانیان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “مظلتي”ـەوە پهله بكهن.
ئەحمەد خەلەف، سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند، دەستەکە سەرکەوتوو بووە لە پرۆژەی نوێکردنەوە و وردبینیی داتای سوودمەندان، دوای ئەوەی توانیویەتی داتای کارتی نیشتمانی بۆ (1,951,991) خێزانی سوودمەند لە کۆی (2,031,284) خێزان نوێ بکاتەوە.
خەلەف ئاماژەی بەوە دا، نوێکردنەوەی داتای کارتی نیشتمانی بۆ ئەم ڕێژە گەورەیە لە خێزانە سوودمەندەکان، هەنگاوێکی گرنگە لە پەرەپێدانی بنکەدراوە نیشتمانییەکان، جەختیشی کردەوە، دەستەکە بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بەو خێزانانەی ماون، بە جۆرێک مسۆگەری گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بکات بەوکەسانەی شایستەن.
سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی ڕوونیشی کردەوە، ژمارەی ئەو خێزانانەی هێشتا داتای کارتی نیشتمانییان تەواو نەکردووە گەیشتووەتە (79,293) خێزان، داوای لەو خێزانە ماوانە کرد کە بە زووی ڕێکارەکانی نوێکردنەوە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (مظلتي)ـەوە تەواو بکەن، بە پێچەوانەوە کارتەکانی تایبەت بە چاودێرییەکەیان ڕادەگیرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، نوێکردنەوەی داتاكان هەنگاوێکی بنەڕەتییە لە پەرەپێدانی سیستەمی دیجیتاڵی و چاودێریی کۆمەڵایەتی، ئەمەش وادەکات وردتر بڕیار لەسەر ئەو خێزانانە بدرێت کە شایەستەن.

