zagros news agency

سۆمۆ نەوت لەدەرەوەی گەرووی هورمز دەفرۆشێت

 

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، ‘سۆمۆ’ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، تەندەرێکی بۆ فرۆشتنی بارهەڵگرەکانی نەوتی خاوی بەسرە راگەیاند، کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا لە دەرەوەی گەرووی هورمز بار بکرێن، ئەمە دووەم تەندەرە لەم هەفتەیەدا لەلایەن سۆمۆوە رادەگەیەنرێت، ئەم هەنگاوەش لە وەڵامی رووداوەکانی ناوچەکە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هاتوچۆی دەریایی لەو گەرووەدا دێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی سۆمۆ و زانیاریی سەرچاوە بازرگانییەکان بۆ رۆیتەرز، تەندەرەکە بارهەڵگرگەلێک لەخۆ دەگرێت کە دەتوانرێت لە رێگەی گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە لە نزیک کەناراوەکانی عومان بار بکرێن. وادەی داخستنی تێندەرەکە 28ـی ئابـی ئەمساڵ دیاری کراوە.
تەندەرە نوێیەکە جیاوازە لەو تەندەرەی سۆمۆ دووشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، تەندەری یەکەم بارهەڵگرگەلێکی لەخۆ گرتبوو کە لە وێستگەی نەوتی بەسرە بار دەکرێن، ئەوەش پێویستی بەوە دەکرد کڕیارەکان کەشتی بەکرێ بگرن بۆ ئەوەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن. تێندەری یەکەم چوارشەممەی رابردوو کۆتایی هات.
ئەم هەنگاوەی سۆمۆ لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بەردەوامە، ئەو گەرووە رێڕەوێکی ستراتیژییە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ناوچەی کەنداو و داخستنەکەی کاریگەریی لەسەر بارهەڵگرەکانی نەوتی خاوی عێراق دروست کردووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران شەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، تاران مۆڵەتی بە چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگری عێراقی داوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن. ئەو هەنگاوەی تاران لە وەڵامی داواکارییە دووبارەکانی بەغدا لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران به 53‌ سه‌رنشینه‌وه‌ ژێرئاو كه‌وت

سەڵاح

پرێمەرلیگ.. ئارسناڵ دوو خاڵی گرنگی لە یاریگای خۆی لەدەستدا

یاسین

پەرلەمان داوا دەکات چاودێری کۆمەڵایەتی نەخۆشانی شێرپەنجەش بگرێتەوە

یاسین