دوای ئەوەی چەند مانگێک بەسەر دیداری نێوان دونالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، تێپەڕیوە، بەڵام کاریگەرییە سیاسی و ستراتیژییەکانی ئەو دیدارە هێشتا لە ناو شیکردنەوەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەردەوامە.
ئەو دیدارە جارێکی تر پرسیاری بنەڕەتی لەسەر سروشتی سیستەمی نێودەوڵەتیی ئێستا و توانای چین بۆ پێشبڕکێکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ ڕێبەرایەتیی جیهانەوە خستووەتەڕوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، بۆچوونەکانی شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ستراتیژیستەکان سەبارەت بە داهاتووی ئەم سیستەمە جیاوازن. هەندێک پێیان وایە سەردەمی هەژموونی ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەچێت، لە کاتێکدا گرووپێکی تر باوەڕیان وایە تەنها ئەمریکا خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەیە کە بۆ «هێزی گەورەی جیهانی» بوون پێویستن و دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێبەرایەتیی سیستەمی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت.
لە نێوان ئەم دوو دیدگایەی توندەدا، شیکردنەوەیەکی وریاتر و هێواشتر سەرهەڵدەدات کە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە جیهان بە پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاو دەبینێت، نەک وەک ڕووداوێکی حەتمی و خێرا.
مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نیشان دەدات کە لە هەندێک قۆناغدا گواستنەوەی هێز لە نێوان دەسەڵاتی باڵادەست و هێزی سەرهەڵدەر بووەتە هۆی پێکدادان. بەڵام لە هەمان کاتدا، نموونەی مێژوویی هەیە کە بە بەڕێوەبردنی سیاسیی زیرەکانە توانراوە لە قۆناغەکانی گواستنەوەی هێزدا لە پێکدادان دووربکەونەوە.
لە هەژموونی ئەمریکا بۆ پێشبڕکێی جیوپۆلیتیکی
دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، سیستەمی نێودەوڵەتی لە دۆخی دوو قوطبییەوە گواسترایەوە بۆ دۆخی یەک قوطبی، بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا.
لەو قۆناغەدا واشنتن توانایەکی بێوێنەی بۆ کاریگەریکردن لە ئاڕاستەکانی سیاسەتی جیهانی، شێوەدان بە پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی و کاریگەریکردن لە پێکهاتەی سیستەمە هەرێمایەتییەکان بەدەستهێنا. جیهانی عەرەبیش یەکێک بوو لەو ناوچەیەی بە شێوەیەکی بەرچاو لەو سیاسەتانە کاریگەری وەرگرت.
بەڵام ئەو ستراتیژییەی ئەمریکا، کە پشت بە دەستێوەردانە سەربازییەکان و بڵاوکردنەوەی مۆدێلی دیموکراسیی لیبرالی دەبەست، لە زۆر حاڵەتدا ئەنجامێکی پێچەوانەی هەبوو و بووە هۆی زیادبوونی نائارامی و لاوازیی سەقامگیریی نێودەوڵەتی.
فراوانکردنی پەیمانی ئەتڵەسی باکوور «ناتۆ» بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراق، لەگەڵ دەستێوەردانە سەربازی و سیاسییەکانی تر لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان، لە گرنگترین نموونەکانی ئەو سیاسەتە دادەنرێن.
بەڵام یەک جەمسەری سیستەمی نێودەوڵەتی ماوەیەکی زۆر درێژ نەخایاند و زیاتر وەک قۆناغێکی گواستنەوەیی سنووردار دەرکەوت. بە تێپەڕبوونی کات، جیهان بە هێواشی بەرەو گەڕانەوەی پێشبڕکێی نێوان هێزە گەورەکان چوو.
لە نێوان ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا هاوسەنگیی هێزی جیهانییان گۆڕیوە، سەرهەڵدانی چین یەکێکە لە دیارترین و گرنگترین گۆڕانکارییەکان.
ئەم بارودۆخە ئەو پرسیارەی بەردەوام زیاتر دەکات کە ئایا جیهان بەرەو سیستەمێکی چەند جەمسەر دەڕوات، یان پێشبڕکێی نێوان واشنتن و بەیجینگ دەبێتە بنەمای سەرەکیی سیستەمی نێودەوڵەتی لە ساڵانی داهاتوودا؟

