zagros news agency

یەکەم حەبی نەوەی نوێی دابەزاندنی کێش لە یەکێتیی ئەورووپادا خرایە بازاڕەوە

 

کۆمپانیای دەرمانسازیی نۆڤۆ نۆردیسک دەستی بە دابەشکردنی جۆری حەبی دەرمانی دابەزاندنی کێشی «ڤیگۆڤی» بە ڕەچەتەی پزیشک لە ئەڵمانیادا کرد.

ئەڵمانیا یەکەم وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە وەشانی حەبی ڤیگۆڤی تێدا دەخرێتە بازاڕەوە. ئەم دەرمانە پێشتر لە ئەمریکا، بریتانیا و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبیدا بڵاو کرابووەوە. حەبی ڤیگۆڤی وەک وەشانی دەرزییەکەی ماددەی «سیماگلۆتاید» لە خێزانی دەرمانەکانی GLP-1 لەخۆ دەگرێت، کە لە ڕێگەی کاریگەری لەسەر ئارەزووی خواردن و هەستی تێربوون، یارمەتیی کەمکردنەوەی کێش دەدات.

سیماگلۆتاید هەمان ماددەی کاریگەری دەرمانی «ئۆزەمپیک»ـە، بەڵام ئۆزەمپیک بۆ چارەسەری نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو دروست کراوە، لە کاتێکدا ڤیگۆڤی بە دیاریکراوی بۆ کۆنترۆڵکردنی کێش پەسەند کراوە. دەرمانێکی دیکەی ناسراوی ئەم بوارە «مۆنجارۆ»ـیە کە بەرهەمی کۆمپانیای ئیلای لیلییە و ماددەی «تیرزپاتاید» لەخۆ دەگرێت.

گرنگیی بەرهەمە نوێیەکەی نۆڤۆ نۆردیسک لەوەدایە بۆ ئەم جۆرە چارەسەرە ئیتر پێویستی بە دەرزی لێدانی هەفتانە نییە و حەبی ڤیگۆڤی ڕۆژانە یەک جار بەکار دەهێنرێت. لە تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیدا کە لە گۆڤاری پزیشکیی «نیو ئینگلاند»ـدا بڵاو کراوەتەوە، ئەو کەسانەی ڕۆژانە ٢٥ میلیگرام لەم حەبەیان وەرگرتووە، دوای ٦٤ هەفتە بە تێکڕا لەسەدا ١٣.٦ی کێشی سەرەتاییی خۆیان لەدەست داوە.

خستنەڕووی ئەم حەبە بەشێکە لە قۆناغی نوێی کێبڕکێ لە بازاڕی گەورەی دەرمانەکانی قەڵەویدا کە بەپێی پێشبینیی شیکاروانان بەهاکەی تا ساڵی ٢٠٣٠ لە ١٠٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا تێدەپەڕێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان

یاسین

کەشناسی : ئەگەرى نمە باران و هەورە تریشقە هەیە

یاسین

پرسەنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

یاسین