بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، قەرەبووکردنەوەی کەمیی خەو لە پشووی کۆتاییی هەفتەدا پێوەندیی بە باشتربوونی تەندروستیی دڵ و کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێنەوە هەیە.
زانایانی زانکۆی کۆریا لە سیئۆل لە ماوەی ٧ ساڵدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر نزیکەی ٤١ هەزار بەشداربوو ئەنجام دا و دەرەنجامەکانیان لە کۆنگرەی کۆمەڵەی دڵ و لوولەکانی خوێنی ئەورووپا لە میونشن خستە ڕوو. توێژینەوەکە دەریخستووە کە قەرەبووکردنەوەی خەو لە کۆتاییی هەفتەدا (نزیکەی دوو کاتژمێر) مەترسیی تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی چالاکیی جەستەییی پێویستیان نییە، سوودی دووهێندەی دەبێت.
دکتۆر ناتان لی، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆریا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی «تایمز» گوتی، کەمخەوی گوشاری زۆر دەخاتە سەر جەستە و وا دەکات دڵ و لوولەکانی خوێن زیاتر کار بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن؛ کەمێک خەوی زیاتر لە کۆتاییی هەفتەدا دەرفەتی پشوودان و چاکبوونەوە بە جەستە دەدات و بەشێک لەو گوشارە کەم دەکاتەوە.
دەرەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو بەشداربووانەی کەمتر دەجووڵانەوە، بە خەوتنی زیادە لە پشوودا مەترسیی تووشبوونیان بە پەستانی خوێن بە ڕێژەی ٪٦.٩ کەم بووەتەوە. هەروەها دەرکەوتووە خەوتنی یەک کاتژمێر و ٢٧ خولەکی زیادە، باشترین سوودی هەبووە و مەترسیی تووشبوونی بە ڕێژەی ٪٩ دابەزاندووە، لە کاتێکدا زیاتر لە چوار کاتژمێر خەوی زیادە مەترسییەکەی بەرز کردووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، توێژینەوەیەکی گۆڤاری پزیشکیی وەرزشیی بەریتانیا (BJSM) ئاماژەی بەوە کردووە وەرزشە چڕە ناوبڕەکان (HIIT) و ڕاهێنانە تێکەڵاوەکان لەگەڵ وەرزشە ئایرۆبیکەکانی وەک ڕاکردنی هێواش، پاسکیلسواری و مەلەوانیکردن، کاریگەرییەکی بەرچاویان لە دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێندا هەیە.

