zagros news agency

زەوی سنووری گەرمبوونی تێپەڕاند

 

پرسە گرنگەکە لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە ئیتر ئەوە نییە ئایا پلەی گەرمیی زەوی 1.5 پلەی سیلیزی لە ئاستی پێش شۆڕشی پیشەسازیدا تێپەڕ دەکات یان نا، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ئەوەی کەی ئەم رووداوە بەدی دێت و گەرما بۆ چ ماوەیەک لە سەرووی ئەو ئاستە دەمێنێتەوە و تا چ رادەیەکیش بەرز دەبێتەوە.

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە بەهۆی بەردەوامبوونی دەرپەڕینی گازە گەرمکەرەکان، تێپەڕاندنی ئەو ئاستە لە ساڵانی داهاتوودا گۆڕانێکی چاوەڕوانکراوە. تێپەڕاندنی ئەو سنوورە بە مانای تووشبوونی زەوی بە داڕمانێکی کتوپڕ یان بێ سوودبوونی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گازەکان نایەت، چونکە مەترسییە کەشوهەواییەکان بە هەر بەشێکی زیادەی پلەی گەرمییەوە روو لە زیادبوون دەکەن.

رێککەوتنامەی کەشوهەوای پاریس ئامانجی ئەوەیە گەرمبوونی زەوی لە 1.5 پلەی سیلیزی سنووردار بکات، تا مەترسییەکانی شەپۆلی گەرما، لافاو، وشکەساڵی، ئاگرکەوتنەوە، تواندنەوەی بەستەڵەک و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان کەم بکرێنەوە. تێپەڕاندنی ئەو ئامانجە تەنیا بە ساڵێکی گەرم ناپێورێت، بەڵکو بەپێی تێکڕایەکی درێژخایەن دیاری دەکرێت؛ هەرچەندە دووبارەبوونەوەی ئەو ساڵانەی سنوورەکە دەبەزێنن، ئاماژەیەکی روونە کە جیهان لە ئاستی درێژخایەندا بەرەو تێپەڕاندنی ئەو سنوورە هەنگاو دەنێت.

بەپێی زانیارییەکانی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوامبوونی گەرمبوون دەبێتە هۆی زیاتربوونی توندیی دیاردە کەشوهەواییەکان و گوشار بۆ سەر سیستەمە ژینگەییەکان، رووبارە بەستەڵەکییەکان و شارە کەناراوە نزمەکان. ئەم دۆخە ئەگەری گۆڕانکارییەکی هەڵنەگەڕاوە زیاد دەکات، وەک بەردەوامیی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا یان لەدەستدانی سیستەمە ژینگەییە هەستیارەکان، تەنانەت ئەگەر دواتر پلەی گەرمی دابەزێت.

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان جیاوازی لە نێوان دوو رێڕەوی ئەگەریدا دەکات. لە سیناریۆی گەشبینانەدا و لە ئەگەری جێبەجێکردنی سەرجەم بەڵێنە کەشوهەواییەکانی ئێستای وڵاتان، گەرمیی زەوی رەنگە لە ئاستی نزیکەی 1.8 پلە لووتکە بکات. لە بەرامبەردا، ئەگەر سیاسەتەکانی ئێستا بەبێ بەهێزکردنیان بەردەوام بن، پێشبینییەکان ئاماژە دەکەن تێکڕای گەرمبوون تا ساڵی 2100 دەگاتە نزیکەی 2.6 پلە.

مایکڵ مان، زانای کەشوهەوا جەختدەکاتەوە، هەر بەشێکی پلەی گەرمی کە بتوانرێت رێگری لێ بکرێت، جیهان لە دۆخێکی باشتردا دەهێڵێتەوە، چونکە 1.6 پلە زیانی کەمترە لە 1.7 و 1.7یش لە 1.8 باشترە. جیاوازیی نێوان ئەم دوو ئاستە، سەرەڕای ئەوەی لەوانەیە کەم دیار بێت، بەڵام بە واتای زیادبوونێکی گەورەی مەترسییەکان دێت بۆ سەر دانیشتووان، سەرچاوەکانی ئاو، بەرهەمهێنانی خۆراک و شارە کەناراوەکان.

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە گێڕانەوەی گەرمبوون بۆ خوار 1.5 پلە لە رووی تەکنیکییەوە هەر دەکرێت، بەڵام کارێکی زۆر سەختە و مسۆگەر نییە. ئەمەش پێویستی بەوەیە دەرپەڕینی گازەکان بە خێرایی کەم بکرێتەوە و بگەنە ئاستی سفری پاک، دواتریش ئەو بڕە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە لاببرێت کە لە بەرگەهەوادا کەڵەکە بووە.

گەیشتن بە سفری پاک یارمەتی دەدات تا رادەیەکی زۆر رێگری لە بەرزبوونەوەی بەردەوامی گەرما بکرێت، بەڵام بە خۆکاری گەرما دانابەزێنێت. بۆ بەدیهێنانی پاشەکشە لە گەرمیدا، دەبێت دەرپەڕینی گازەکان ببێتە نێگەتیڤ، بە واتای ئەوەی لابردنی کاربۆن لە هەوا زیاتر بێت لەوەی تێیدا بڵاودەکرێتەوە. ئەو بژاردانە چاندنی دارستان و تەکنیکەکانی راگرتن و عەمبارکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەگرێتەوە، کە هێشتا سنووردارن یان تێچوویان زۆرە و ناتوانرێت وەک جێگرەوەیەک بۆ کەمکردنەوەی دەرپەڕینی گازەکان پشت پێ ببەسترێن.

1.5 پلە ئەو سنوورە نییە دەرفەتەکانی کاری کەشوهەوایی لەوێدا کۆتاییان بێت، بەڵکو هێڵێکی هۆشداریی روونە. هەر دواکەوتنێک ماوەی تێپەڕاندنەکە درێژتر دەکات و هەر بەشێکی زیادەی گەرمبوونیش تێچووی خۆگونجاندن و زیانە ئەگەرییەکان زیاتر دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

فازڵ میرانی :ب هەلکەفتا هاتنا جەژنا سەرسالا نو یا برایێن ئێزدی، گەرمترین پیرۆزباهیان ئاراستەی خوشک وبرایێن ئێزدی دکەین

یاسین

واشنتن بەگومانە لە زانیارییەکانی مۆساد

سەڵاح

وێنەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوتابییانی میناب خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی بەدەست هێنا

یاسین